KMMK:
هەینی ۲۹ی سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی، عەلی ستوودە هاووڵاتی نیشتەجێی قوروە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوگەلێک پێوەندیدار بە گران بوونی بێنزین و هەژاری، ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
ڕێوڕەسمی دادگایی کردنی ئەم هاووڵاتییە قوروەییە ۲۰ی سەرماوەز بە بێ ئامادەبوونی پارێزەر لە دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری قوروە بە ڕێووە چووە.
دایکی ئەم هاووڵاتییە (فەریدە کەریمی) بە پێگەیەنەرەکانی ڕاگەیاندووە: دادوەری دادگا وێڕای ڕاگەیاندن بە شێوەی زارەکی ئەم حوکمە بە دایکی عەلی ووتووە کە: «حوکمی منداڵەکەی لە ئەگەری ناڕازایی دەربڕین بەو حوکمەی بۆی دیاری کراوە دادەبەزێ بۆ ۵ مانگ.»
عەلی ستودە ۲۵ ساڵ تەمەن و دانیشتووی گوندی قەڵا سەر بە شاری قوروە ۹ی سەرماوەز پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە و شارە بە بۆنەی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو دەسبەسەر و پاشان بە دانانی مۆڵەتنامەی کار بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
عەلی ستوودە پاش ئازادی کاتی سەرلەنوێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕاگواسترابوو بۆ زیندانی حکوومەت لە قوروە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


