KMMK:
سێشەممە ١٩ی سەرماوەز ی ۲۷۱۹ی کوردی، بڕیاری دەستبەسەرکرانی کاتی بۆ مۆژگان کاوسی، نووسەری کورد دەرکراوە و لە گرتوخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری «ساری»یەوە بۆ بەندیخانەی «نەوشەهر» گوازراوەتەوە.
ناوبراو ٢٧ی خەزەڵوەری ۲۷۱۹، لە ماڵی خۆی لە شاری «نەوشەهر»ی ئێران دەستبەسەرکرا و لە دوایین گۆڕانکارییەکاندا راگوێزی گرتوخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ساری کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە: هۆکاری دەستبەسەر کردنی ناوبراو، نووسینی چەند یاداشتێک سەبارەت بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.
مۆژگان کاوسی، نووسەر و چالاکوانی کولتوری، هاوڵاتی کوردی دانیشتووی باکوری ئێران و هەڵگری بەڵگەنامەی ماستەری هونەرە جوانەکانە و لە ساڵانی ڕابردوودا دوو بەڵگەفیلم بەناوەکانی «هیوا» و «بەرباد»ی دەرهێناوە.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستا ۳۶۱ هاوڵاتی لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون، جێی ئاماژەیە کە هێشتا ئاماری گیراوانی ئەم دواییانەی رۆژھەڵاتی کوردستان بە هۆی خۆپیشاندانەکان نەزانراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


