حەبی گوماناوی لە کێکی خواردندا/ ترس و دڵەڕاوکێکی هاووڵاتیان

KMMK:

بڵاوبوونەوەی چەندین وێنە لە جۆرەکانی حەب لە کێکی خۆراکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ و سترێس لە نێو خەڵکدا. لە شاره جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاووڵاتیان وێنەگەلێکی نوێیان لەم پێوندییە بڵاو کردۆتەوە کە دەری دەخات ئەم پرسە، بیرو هۆشی هاووڵاتیانی شڵەژاندووە و لە پانتایەکی بەریندا جێبەجێ کراوە.

پێنج شەممە ۲۱ی سەرماوەز، کیانووش جیهان پوور، سەرۆکی ناوەندی پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندرووستی ئێران لە لێدوانێکدا هەبوونی حەب لە کێکە خۆراکییەکان لە کوردستان و سیستان و بەلووچستانی پشتڕاست کردەوە.

بە ووتەی ئەم بەرپرسەی حکوومەتی ئێران، هەبوونی حەب لە کێکەکان تایبەت بە پتر لە دە کومپانیای بەرهەمهێنەری کێکە. سەرۆکی ناوەندی پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندرووستی دەڵێ: «ئەو حەبانەی لەنێو کێکەکان جێگر کراون بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەی دەکرێت لە جۆری سڕکەر و دەروون شێوێن نین و جۆری چەشناوچەشنن.»

لە دەسپێکی سەردانەکانی خەڵک، ڕێخراوی خۆراک و دەرمان حاشای لەو پرسە کردبوو؛ بەڵام ناوەندی بێهداشت لە کۆتاییدا دانی بە هەبوونی حەبدا نابوو لەنێو کێکە خۆراکییەکان و ڕایگەیاندبوو: «چەندد جۆرێک لەم کێکانە نێردراون بۆ تاقیگەگەلێک لە تاران تا پاش پشکنین ڕاگەیەندراوی لەسەر بڵاو بکرێتەوە.»

له کرماشان گەورەشاری کوردستان ڕاپۆرتگەلێکی زۆر لەم بارەوە بڵاو بوونەتەوە، قوتابیان ئەم حەبانەیان دیووە و بە بەرپرسانی قوتابخانە و باوک و دایکیان ڕاگەیاندووە، بەڵام حەسەن زیائەدینی، بەرپرسی گشتی تەندرووستی وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری ئەم مژارەیە بەرپەرچ دابوویەوە. کیانووشی جیهان پوور ووتەبێژی سازمانی خۆراک و دەرمان ئەم پرسەی بە پرسێکی ئەمنی ناودێر کردووەو بە بێ بنەمای وەرگرتبوو.

بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە شارەکانی سنە، کرماشان، مەهاباد، جوانڕۆ، بۆکان، سەقز و بانە وێنەگەلێکیان لە هەبوونی حەب لە کێکە خۆراکییەکان دۆزیوەتەوە کە بووە بە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگا.

پلەدارانی بەرپرسی حکوومەتی ئێران تا ئێستە دەسپێشخەرییەکی ئاشکرایان لە هەمبەر شرۆڤەی ئەم بابەتە بە ئەنجام نەگەیاندووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان