کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نۆروێـژ: دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ رێکخستـنی سمینار لەمەڕ باردۆخی رۆژهەڵاتی کوردسـتان

KMMK:

کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نۆروێـژ لە نامەیەک دا رێکخستنی سمیناری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی سەبارەت بە لێک نزیک کردنەوەی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاندوو و دەستخۆشی لەو رێکخراوە کرد. هاوکات پیرۆزبایی کۆنگرەی ک م م ک کردووە و چەندین پێشنیاری ئاراستەی کۆمەڵەی مافی مەۆڤی کوردستان کردوە.

دەقی نامەی کؤمەڵەی منداڵانی کورد- لە نۆروێژ بەشێوەی خوارەوەیە:


بە گەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشیتان لێدەکەین بۆ رێکخستـنی ئەم سمینارەتان دەربارەی باردۆخی رۆژهەڵاتی کوردسـتان.

خوشک و برایانی دڵسۆز و کوردستان پەروەر.. هەمووان ئەوە دەزانین کە لە ئەمرۆدا بـزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، رووبەڕووی بارۆخێکی چارەنووسساز بۆتەوە.
داگیرکەرانی کوردستان هەموو ناکۆکییەکانیان بە لاوە ناوە و، هاوهەڵوێست و هاوبڕیار و هاوپیلانن لە دژی بە دەستهێنانی سادەترین مافە رەوا زەوتکراوکانی گەلی کوردمان.
بە گەلەکـۆمەیەی و بە ئاشکرا و بێ شەرمانە، چەپەڵـترین پیـلان لە دژی گەلەکەمان دەگـێڕن.. بە زەبەلاحـترین هـێز و بە مۆدێـرتـرین چـەکی کوشـندەی قەدەغـەکـراوی نێودەوڵەتی، کەوتوونەتە کۆمەڵکوژی کورد و ئەنجامدانی تاوان لە دژی سڤیلی کورد.
بە داخەوە کە نەتـەوە یەکگـرتووەکان و ويـژدانی جیهانی لە ئاستی ئەو تاوانـانەی کە بە رۆژی رووناک لە کورد دەکڕێن.. کوێـرن و کـەڕن و لاڵـن، ئەمەش بۆتە هاندەر بۆ داگیرکەرانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی تاوانی گەورەتر و قێزەوەنتر دەرهەق بە کورد.

بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێکی زیاتر پێویستیمان، بە یەکگرتن و یەکڕیزی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و هاوسۆزی و هاوخەباتی و هاونەتەوەیی هەیە. هەمیشە داگیرکەرانی کوردستان، ویستوویانە ناکـۆکی و کەلـێن بخەنە ریزەکانی گەلەکەمانەوە.. تا ئەمـڕۆش پەیـڕەویی سیاسەتی (پەرتـکە و زاڵـبە) دژ بە کورد جێبەجـێ دەکەن.

پێویستە لەسەر هەموو پارتە کوردستانییەکان، نەک هەر بە تەنیا پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو لە هەر چوارپارچەی کوردستان دا، واز لە ململانێ و ناکۆکییەکانیان و لە بەرژەوەنـدییە تەسک و بچـووکەکـانی حـیزبایەتی و کەسایەتییان بهـێنن. پێویستە لە بەرەیەکی کوردستانی یەکگـرتوودا، یەکبگـرن و لەسەر نەخشەرێگـایەکی ستراتیژی نەتەوایەتی و هـاوخەبات و هـاوهەڵوێست و هـاودەنگ هـاووتاری کوردیدا رێکبکەون.
پێویستە بە خۆیانـدا بچـنەوە و پەنـد و وانـە، لە هەڵەکان و شکستییەکانی رابـردوویان وەربگـرن.. ئەمڕۆ رۆژی تاکـڕەوی و تاکپارتی و قورخکـردن نییە.. رۆژی دیالـۆگ و گفتوگۆ و یەکتری قبووڵکردن و تەبایی و رێکەوتنە، گەر بە راستی بەرژەوەندی کورد و کوردستانیان دەوێت.. ئەمە راستییەکە و هەموومان دەیـزانن کە ئێمەی کورد لە هەر چـوار پارچەی کوردسـتان دا، هـاونەتەوەین و چارەنووسـمان پێکەوە گرێ دراوە.

پشتگـیری لە بڕیارەکان و پێشنیارەکان و هەموو را و بۆچـوونێکی جوان و بەجێی ئەم سمینارە دەکەین، کە لەبەرژەوەندی گەلەکەماندا بن و زۆربەی ئامادەبووان، هاودەنگبن لە سەریان.. ئەوەشمان پێ باشە کە لە کۆتایی ئەم سمینارەدا گەڵاڵەی را و پێشنیارەکان بکەن و لە بەیاننامەیەکی پوخـتدا دایـان بڕێـژن و لە سایتەکـانـدا بـڵاوی بکـەنەوە. باشتریش وایە، کە کەمپینێک رابگەیەنن، داوا لە سەرجەم رۆشنبیران و نووسەران و سیاسەتمەداران و هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، هەموو کوردستان پەروەرێکی دڵسۆز بکەن، گەر لەگەڵ ئەو بەیاننامە راگەیەندراوەدان.. پشتگـیری لە داوی یەکگرتن و یەکهەڵوێستی پارتـە سیاسییە کوردستانییەکانی رۆژهـەڵاتی کوردسـتان بکەن. لە لیستی دەنگـدەراندا، ناوی خۆیـان و پیشەکەیان و وڵات و شارەکەیان و واژۆی خۆیان بۆ ماڵپەڕی (کۆمەڵەی مـافی مـرۆڤی کوردستان) بنـێرێت.

بەیاننامەکە و لیستی ناوە واژۆکراوەکان. ئاراستەی سەرۆک و سکرتێری پارتە سیاسی کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

دووبارە دەسـتخۆشی لە (کۆمـەڵەی مـافی مـرۆڤی کوردستان) دەکـەین بۆ سازدانی ئەم سمینارە.. هـیوای سەرکەوتنـتان بۆ دەخـواین.

رەزا شـوان
سەرۆکی کۆمەڵـەی منـداڵانی کـورد ـ لە نـۆروێـژ