سمیناری خوڵقاندنی هاودەنگی و نزیک کردنەوەی لایەنەکانی رۆژهەلاتی کوردستان لە فرانکفۆرت بەرێوە چوو

KMMK:
ئەمرۆ ١٦ سەرماوەزی ٢٧١٩ی کوردی سمیناری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەر ناوی خوڵقاندنی هاودەنگی و نزیک کردنەوەی لایەنەکانی روژهەلاتی کوردستان لە شاری فرانکفۆرتی ئاڵمانیا بەرێوەچوو.

ئامانجی ئەو سمینارە هەر وەک پێشتر بۆ رای گشتی بڵاو کرابۆوە، هەوڵ و تێکۆشان بوو بۆ هاوفکری و گرتنی بیر و ڕای جەماوەر و بەشداربووانی سمینارەکە لەسەر ئەو بابەتە و بتوانرێ بە هاوکاری گەل رێگاچارەیەک بۆ ئەو بەربەستەکان بدۆزرێتەوە
سمینارەکە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانیەوە دەستی پێکرد و تا کاتژمێر سێی دوانیوەرۆ بەردەوام بوو. لەسەرتای بەرنامەکە، جەهانگیر عەبدولایی هاوسەرۆکی کۆنگرەی ٨ی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گوزارشتی دوو ساڵانەی ئەو رێکخراوەیەی بۆ بەشداربووان خوێندەوە.

بەشی سەرتایی ڕاپۆرتەکە تەرخان کرابوو بە بارودۆخی ئێستاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە چۆن کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو بەشەی کوردستان بەرەو وێرانی بردووە، لە بەشی تری ڕاپۆرتەکە پێشێلکاریە مافی مرۆڤیەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەشەکانی سێدارە، زیندان و گرتن، ژنان، کوژراوانی زیندان، گیانبەخت کراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی سەرماوەز و… خوێندرانەوە و کۆیی ئاماری ساڵی نوێی زائینی تا ئێستا خرایە بەرچاوی میوانانی بەرنامە و هاوکات ئامارەکان بەراوەرد کرابوون لە گەڵ ئاماری پێشێلکاریە مافی مرۆڤیەکان لە ساڵانی ڕابردوو.
لە دوایی خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکە بەشداربوون را و تێبینی خۆیان لەمەر ئەو ڕاپۆرتە هێنا بەرباس و را و نەزەریی بەشداربووان گیردرا.
لە بەشێکت تری سمینارەکە وۆرک شۆپێک لە لایەن بەرێز سەعید سەنەندەجی سەبارەت بە بابەتی دیاریکراوی سمینارەکە ئەنجام درا کە بەشداربووان لە بەشێکی ئەو وۆرک شۆپە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ناوەندە ماف مرۆڤیەکانیان هێنایە سەر زمان و لە بەشێکی تر دا رێگاچارەکانیان باس کرد.
ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو رای بەشداربووان وەک بەشێک لە چالاکنی سیاسی و مەدەنی لەسەر چۆنیەتی نزیک کردنەوەی لایەنە ماف مرۆڤیەکان بگیردرێت و هەوڵ بدرێت کێشە و لەمپەرەکانی ئەو بوارە بخرێتە بەرباس و هاوکات رێگەچارەی کێشەکان بدۆزرێتەوە.
کۆیی کێشە و رێگاچارەسەریەکان کە لە لایەن میوانان قسەی لەسەر کرا بە شێوەی خوارەوە بوو:
کێشەکان
1. ژینگەی کوردستان شێواندراوە و کۆماری ئیسلامی هەوڵی لەناوبردنی دەدات.
2. حیزبەکان کاری ناوەندە ماف مرۆڤیەکانیان گرتۆتە دەست، کارێک کە ئەرکی ناوەندی مرۆڤی و ناوەندە مەدەنیەکانە
3. کێشەی ئابووری بەشێکی گرنگە و بەربەستە لە کارکردنی باشی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ
4. ناوەندە ماف مرۆڤیەکان وابستە بە ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکانن
5. لە چوارچێوەی داخراو کە تەنیا خۆیان لەبەر دەگرێ، کار دەکەن
6. کێشە ی ناو ئەحزاب و یەکنەگرتوویان تەئسیری لە سەر ناوەندە ماف مرۆڤیەکان داناوە
7. نەبوونی کار و ئاکسیۆنی موشتەرەک لە لایەن رێکخراوەکان
8. نەناردنی بەپێویستی گوزارشت و رێپۆرتەکان بۆ ناوەندە جیهانیەکان
چارەسەریەکان
1. ناوەندە ماف مرۆڤیەکان پێویستە خۆیان هەر دەم نوێ کەنەوە و رێگە بدەن کەسانی نوێ بەشدار بن و ئەرک بگێرن
2. ئەندام گیری بەردەوام بکەن
3. پێوەندی چالاک بگیردرێت بە رێکخراوەکانی جیهانی لەو بەشە
4. کەسانێکی پسپۆر لەبەشە جیاوازەکانی کاری خۆیان بدۆزنەوە و بیانخەنە کار
5. لەسەر حقوقی جنسیەتی کاری تایبەت بکرێت
6. بەشی تایبەتی بە ژنان هەبێت
7. هاوسەرۆکی دەبێ هەبێت بۆ بەشداری هاوشانی ژن و پیاو و پێش خستنی یەکسانی
8. لەسەر مەسئەلەی ژنان هەم ژنان و هەم کۆمەڵگا پێویستیان بە پەروەردە و کار هەیە
9. خۆیان لە چوارچێوەی ئەحزاب دەرخەن
10. ئەندامانی ناوەندە ماف مرۆڤیەکان لە ئەندامەتی لە نێو ئەحزاب دوور کەونەوە

11. پێوەندی ساز کردن لە گەڵ ناوەندەکانی جیهانی و ناسینیان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست کەڵکیان لێ بگیردرێت
12. هەوڵ بدەن یارمەتی ماڵی دەست خەن بە تایبەت لە ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ
13. بۆ پێشێلکاریەکان پێوسیتە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بکرێت و تێروانین سیستەماتیک بۆ ئەو بابەتە بکرێت
14. چوارچیوەی جوگرافی کوردستان لەبەر چاو بگیردرێت و کار و چالاکیەکان لەسەر هەمووی کوردستان بێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لە لورستان، خۆرەمئاوا و ناوچەی لورستان و هەروەها باکووری خۆراسان
15. هەوڵ بدەن ئاماری راست دەست خەن
16. دۆزینەوەی کەسانێک لە ناوخۆ بۆ باشتر کردنی کارەکان و پێوەندی رێک لە گەڵ کۆمەلگا
17. دیپلۆماسی بەهێز بۆ بردنی دەنگی کوردستان بۆ ناوەندە جیهانیەکان
18. دابەشکردنی کار و سازدانی کۆمیەتەی هاوبەشی کاری لە نێوان رێکخراوەکان
19. سازدانی پێوەندی لە نێوان رێکخراوەکان و گەل
20. پەروەردە و هەوڵ دان بۆ ئاشنا کردنی گەل بە مافەکان
21. کۆڵبەرانی ژن بخرێنە بەر چاو و لێکۆلینەوە لەو بارەیەوە بکرێت
22. لە تەجروبەی گەلەکەمان لە رۆژئاوا و باکوور کەڵک بگرین، بە تایبەت لە بەشی ژن دا
23. دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ بەشدارکردنی گەل لە کارەکان
24. یارمەتی گرتن لە چالاکان و گەل لە ئەورپا
25. سازدانی پێوەندی گونجاو بە گەل بۆ بەشدارکردن و ئەرکدار کردن
26. بە فۆرمێکی ئیستاندارد لەسەر گوزارش نووسی و ئامارگرتن کار بکرێت
27. لەسەر جۆمگە و بەشەکان بە شێوازی سیستەماتیک و تەخەسۆسی کار بکرێت
28. لەسەر ژینگە رێژەی وێرانی و خەسارەکان دەربخرێ
29. سازکردنی دیکۆمۆنتار و فرۆشتنی بە مێدیا جیهانیەکان
30. بەشێوازی راستە و خۆ کۆبوونە و چالاکی بکرێت و لە فەزای مەجازی دەرکەون

لە دوایی گۆڕینەوەی بیر و را لەسەر پێشنیارەکان بۆ چاکسازی، بڕیار درا کە کۆمیتەیەک لە چالاکوانانی بەشدار لە سمینارەکە پێک بێت و ئەو کۆمیتەیە ئەرکی خوڵقاندنی هاودەنگی و لێک نزیک کردنەوەی ناوەندە مافی مرۆڤیەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بە ئەستۆ بگرێت.

لە کۆتایی دا پایان نامەی سمینارەکە خوێندرایەوە و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بریاری دا بۆ جێبەجێ کردنی پێشنیارەکانی بەشداربووان هەوڵ و چالاکی بکات و هەوڵ بدات ئەو کێشە و گرفتانەی کە میوانانی بەرنامە هێنایانە بەرباس چارەسەر بکات.

بەرێزان ئەفسانە روحەندە، حەمید ئیبراهیم زادە و قادر شیری ئەرکەی بەرێوەبردنی سمینارەکەیان لە ئەستۆ بوو.


کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

One thought on “سمیناری خوڵقاندنی هاودەنگی و نزیک کردنەوەی لایەنەکانی رۆژهەلاتی کوردستان لە فرانکفۆرت بەرێوە چوو

Comments are closed.

%d bloggers like this: