KMMK:
رۆژی شەمە ۱٨ خەزەڵوەری ۲۷۱۹ کوردی، دوو شارۆمەندی خەڵکی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوگەلی «کەیهان نیکزاد و ئێحسان تیربانی» لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە قۆڵبەست کران و لە رۆژی چوارشممەی ئەو حەوتووەدا و لە دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە بنکە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە ورمێ راپێچی گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لەو شارە کران.
جێگای ئاماژەیە؛ کەیهان نیکزاد بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبێکی دژبەری حکوومەتی ئێران و ئێحسان تیربانی بە تۆمەتی پرۆپاگەندە دژی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کراون.
بە پێی داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە تا ئێستا لانی کەم ۳۱۳ هاووڵاتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان