تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران بوو بەهۆی کوشتنی دوو برا و برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە

KMMK:

دووشەممە ۲۲ی ڕەزبەری ۲۷۱۹ی کوردی، دوو برا بە ناوەکانی عەبدوڵڕەحمان و سادق مورادی لە کۆڵبەرانی گوندی «قەبرحسێن» ی پیرانشار، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی «کۆتران»ی پیرانشار گیانی خۆیان لە دەست دا. ئەم دوو برا سەرقاڵی کۆڵبەری بوون کە بوونە ئامانجی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدار و سنوورییەکانی ئێران.

هەروەها پێنج شەممە ۲۵ ڕەزبەر لە سنووری پیرانشار کۆڵبەرێک بەناوی محەممەد کوڕی خدر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران بریندار بوون و ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی ڕەزبەر لە سنووری شاری سەڵماس «سمکۆ خەلیلی باخچە»یش بە هۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۵۶ کۆڵبەر کوژراون کە بە هەژماری ئەم دوو کۆڵبەرە ڕێژەی کۆڵبەرە کوژراوەکان گەیشتووە بە ۵۸ کەس، ڕێژەی کۆڵبەرانی برینداریش تا ئەم ڕێکەوتە ۱۱۴ کەس بووە کە ڕێژەی ئەوانیش بە ۱۱۶ کەس گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان