پیرانشار / برینداربوونی دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزە سنوورییەکان

KMMK:

ڕۆژی سێ شەمە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۱۹ی کوردی گرووپێک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سنووری حاجی ئۆمەران لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە درانە بەر تەقە و بەوهۆیەوە دوو کۆڵبەر بریندار بوون.

ناونیشانی کۆڵبەرە برندارەکان بەم شێوەیە” محەممەد خدر حسێن” ۳۸ساڵ تەمەن ” و ” محەممەد ڕەحمان سلێمان ” ۲۷ ساڵ تەمەن کە بەهۆی تەقە و برینداربوونەوە ڕاگواستران بۆ نەخۆشخانەی چۆمان لە باشووری کوردستان.

بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان ؛ ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە هێزەکانی سپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕی سەربازییەوە خاکی باشووری کوردستانیان بەزاندبوو و چاویان بە بە کۆمەڵێک کۆڵبەر دەکەوێ و دەیان دەنە بەر دەسڕێژ و بەو بۆنەوە دوو کۆڵبەر بریندار بوون.

لەم پێوەندییەدا ” ئەحمەد خەلیل ” سەرۆکی نەخۆشخانەی چۆمان ڕایگەیاند: دۆخی بریندارەکان بە شێۆەیەک بوو پاش چارەسەری سەرەتایی ناچار بووین ڕایان بگوێزین بۆ نەخۆشخانەی باشووری هەولێر.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ماوەی حەوت مانگی پێشوو ۹۰ کۆڵبەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە بریندار بوون کە بە هەژمار ئەم ڕووداوە سەرجەم ۹۲ کۆڵبەر بریندار بوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان