لێخۆشبوونی بنەماڵەی گیان‌لەدەست دراون پێشی بە ئێعدامی سێ کەس گرت

KMMK:

چوارشەممە ۲ی گەلاوێژی ۲۷۱۹ی کوردی زیندانییەکی تاوانبار بە کوشتنی بە ئەنقەست بە ناوی «نادر حاجی زادە» بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام گوازراوە ژووری تاکەکەسی زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری خۆی.

بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی ئەم زیندانییەیان ڕاگەیاندبوو لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراو، ناوبراو سەرلە بەیانی ئێعدام دەکرێت.

هاوکات دوو زیندانی تر بە ناوەکانی «شاهین غوڵامی و محەممەد تەیمووری» کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بە ئێعدام مەحکووم کرابوون لە بەندی ۱-۲ی زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئــێران لە ورمێ گوێزرابوونە ژووری تاکەکەسی.

بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی ئەم دوو زیندانییەیان ڕاگەیاندبوو، لە ئەگەری وەرنەگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوان، حوکمی ئێعدامی ئەوانیش سەرلە بەیانی ئەوڕۆژ جێبەجێ دەکرێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، شاهین غوڵامی، محەممەد تەیمووری و نادر حاجی زادە سەرلەنۆێ گەڕێنراونەتەوە بۆ بەندی گشتی.

گەڕاندنەوەی سەرلە نوێی ئەو گیراوانە بۆ بەندی گشتی دوابەدوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوان، لەم بەندکراوانە بووە.

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۲۷ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئێعدام کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: