لۆڕستان لە رووی كۆچبەربوونی دانیشتوانەكەی لە پلەی یەكەمی جوگرافیای ئێراندایە

KMMK:

عەلی هادی چگێنی، سەرۆكی دامەزراوە بەڕێوەبردن و پلاندانانی حکوومەتی ئێران لە لۆڕستان رایگەیاند: پارێزگای لۆڕستان لە سەر ئاستی جوگرافیای ئێران لە پلەی یەكەمدایە لە رووی كۆچبەربوونی دانیشتوانەكەی.

ناوبراو رونیشیكردەوە، ساڵانە نزیكەی ۱۲ هەزار كەس لەو پارێزگایە كۆچبەر دەبن و روودەكەنە پارێزگاكان و شارە گەورەكانی ئێران.

چگێنی هێمای بۆ ئەوشەكرد، كە رێژەی بێكاری لە لۆڕستان ۱۳٫۵% و ئەمەش زیاتر لە مامناوەندی گشتی جوگرافیای ئێرانە كە ۱۲% یە.

لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵاواردن و پەراوێزخستنی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بەهۆی بێكاری و نەبوونی هەلی كار لە پارێزگاكانی ئەو بەشەی كوردستان، بەشێكی بەرچاوی دانیشتوانەكانیان بۆ دۆزینەوەی كار و دابینكردنی بژێویان ناچار بن زێدی خۆیان جێبهێڵن رووبكەنە شارە گەورەكانی ئێران.

لەبەرامبەردا هەر بەپێی سیاسەتەكانی دەوڵەتی ئێران لە شار و ناوچەكانی تری ئەو وڵاتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەران و هاوڵاتیانی ناخۆجێیی دەگوازرێنەوە بۆ شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمەش بە هەوڵێك بۆ گۆڕینی دیموگرافی ئەو ناوچانە لێكدەدرێتەوە.

كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان