ورمێ/ پێنج حاڵه‌تی ئازاردانی منداڵ و ۲۸ حاڵه‌تی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار كران


KMMK:
له‌ سه‌ره‌تای ساڵی كوردیه‌وه‌ تا ئێستا له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سەر بە حکوومەتی ئێران لە پارێزگای ورمێ ٥ حاڵه‌تی ئازاردانی منداڵ و ۲٨ حاڵه‌تی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار كراون.
میهرداد موته‌لیبی جێگری به‌ڕیوەبه‌رایه‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سەر بە حکوومەتی ئێران(بێهزیستی) لە پارێزگای ورمێ باسی له‌وه‌كردووه‌ سه‌رپه‌رشتی و به‌خێوكردنی چوار له‌و منداڵانه‌ی به‌ره‌وڕووی توندوتیژی و ئازاردان كراونه‌ته‌وه‌، له‌ پاش گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌ یاساییه‌كان راده‌ستی كه‌س و كار یان باوه‌گه‌وره‌یان كراوه‌ و كه‌سێكیشیان تا ئێستا له‌ ناوه‌ندی حه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی سه‌رپه‌رشتی خراپیان خه‌یه‌، پارێزگاری لێده‌كرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ساڵی رابردوو ۹ منداڵ به‌ره‌وڕووی توندوتیژی و ئازاردان بوونه‌ته‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌و منداڵانه‌شی ناچار ده‌كرێن له‌ شه‌قامه‌كان كاربكه‌ن وتی: ساڵی رابردوو ۲٤۹ منداڵی له‌و چه‌شنه‌ هاریكاریان پێشكه‌ش كراوه‌ و ئه‌مساڵیش ٤۹ منداڵ.
سه‌باره‌ت به‌ پرسی توندوتیژی دژی ژنانیش موته‌لیبی وتی: ساڵی پار ۱٤۷ ژنی قوربانی توندوتیژی له‌ په‌ناگه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی سەر بە دەوڵەتی ئێران خزمه‌تگوزاری پێویستیان پێشكه‌شكراوه‌ و دواتر گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئامێزی بنه‌ماڵه‌كانیان و ئه‌مساڵیش ۲٨ ژن روویان كردوه‌ته‌ په‌ناگه‌ و ناوه‌نده‌كانی پارێزگاری له‌ ژنانی قوربانی توندوتیژی.
منداڵان و ژنان له‌ سایه‌ی كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی و دامه‌زراوه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران و یاساكانی، له‌و به‌شانه‌ی كۆمه‌ڵگان كه‌ رووبه‌ڕووی زۆرترین هه‌ڵاواردن، پێشێلكاری مافه‌كانیان و توندوتیژی خێزانی ده‌بنه‌وه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان