ورمێ/ به‌ندكراوێك به‌ هۆی كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی گرتووخانه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

KMMK:

له‌ گرتوخانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ به‌ندكراوێك له‌ ئه‌نجامی كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی بنكه‌ی ته‌ندروستی و به‌رپرسانی تری گرتوخانه‌كه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

به‌پێی زانیاریه‌كان ئه‌و به‌ندكراوه‌ ناوی “ئه‌شكان مێهریوه‌ش”ه‌ و رۆژی دووشه‌ممه‌ ۱۷ ی پوشپه‌ڕ تووشی وه‌ستانی دڵ بووه‌ و دوای گواستنه‌وه‌ی بۆ بنكه‌ی ته‌ندروستی گرتوخانه‌كه‌ به‌هۆی تێكچوونی ئامێری بوژانه‌وه‌ی دڵی بنكه‌كه‌، گیای له‌ده‌ستداوه‌.

جێگای ئاماژەیە کە، مێهریوه‌ش به‌ تۆمه‌تی بازرگانی به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌ندكرابوو و له‌ راپۆرتی گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌شیدا هه‌وڵدراوه‌ هۆكاری مردنه‌كه‌ی بۆ به‌كارهێنانی له‌راده‌به‌ده‌ری ماده‌ی هۆشبه‌ر بگه‌ڕێنرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ داپۆشینی كه‌مته‌رخه‌می به‌رپرسانی گرتوخانه‌یە.

 پشتگوێ خستن و بێ به‌شكردنی به‌ندكراوان له‌ خزمه‌تگوزاریه‌ ته‌ندروستیه‌كان له‌ ناو گرتوخانه‌كانی ئێراندا، وه‌ك پێشێلكاریه‌كی ئاشكرای مافه‌كانی ئه‌و به‌ندكراوانه‌یە کە به‌رده‌وامی له‌ رۆژه‌ڤدا بووه‌ و رۆژی چوارشه‌ممه‌ ۱۹ ی پوشپه‌ڕیش ژماره‌یه‌ك له‌ پسپۆڕانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان به‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌یه‌ك نیگه‌رانی خۆیان له‌ بێ به‌شكردنی به‌ندكراوان به‌ تایبه‌تی زیندانیه‌ سیاسیه‌كان له‌ خزمه‌تگوزاری پزیشكی نیشاندا.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و بابه‌ته‌ رۆژی پێنج شه‌ممه‌ كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ محه‌مه‌د نه‌زه‌ری به‌ندكراوی سیاسی كورد له‌ زیندانی ورمێ كه‌ له‌ ئه‌نجامی مانگرتنی سێ مانگه‌دا له‌ ساڵی ۲۷۱۷ تووشی گرێی گه‌ده‌ بووه‌، رێگه‌ی پێنادرێت بگوازرێته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌.

كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان

%d bloggers like this: