KMMK:
پێنج شەممە ۲۳ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی، گۆمی زرێبار وەک ساڵانی پێشوو ئاگری تێ بەردرا و ئاگرەکە خەسارێکی زۆری بە سروشتی زرێبار و ناوچەکە گەیاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە: لێڕەوارەکانی قەراغ زرێبار ئاگری تێ بەرداوە و تا ئێستا ناوەندی ئاگر کوژێنەوەی مەریوان، هەوڵێکی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.
گۆمی زرێبار دەکەوێتە ۳ کیڵۆمەتری رۆژئاوای شاری مەریوان و یەکێک لە شوێنە گەشتیاریەکانی ئەوشارەیە کە ساڵانە بینەرێکی زۆر لە ناوخۆی کوردستان و ئێران و وڵاتانی دەرەوە بەرەو خۆی رادەکێشێت. گۆمی زرێبار کانگاە و شوێنی حەوانەوەی سەدان جۆری بونەوەر و پەلەوەری کۆچبەرە و وەک کانگایەی ئێکۆسیستەم، کارامەیی زۆری لەسەر سروشتی ناوچەکە هەیە و بە هەزاران بونەوەر لەو شوێنە دەژین.
جێگای ئاماژەیە کە: هەمو ساڵێک لێڕەوارەکان و لەوەڕگە و قامیشەڵانەکانی قەراغ زرێبار لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردەدرێت و بەو هۆیەوە هەزاران جۆری بونەوەر و بێچوەکانیان دەبنە قوربانی ئاگر و ساڵ لەدوای ساڵ سروشت و جوانی زرێبار بەرەو لەناوچوون دەڕوات. خەڵکی مەریوان و سروشت پارێزان زۆرجار پەیوەندییان بە ناوەندە پەیوەندی دارەکانەوە کردووە بۆ یارمەتیدان و پێش گرتن لە ئاگردانی سروشتی زرێبار و هەموکات ئەم هەوڵانە بێ وڵام ماونەتەوە و تەنانەت حکومەت بەهیچ شێوەیە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەش نادات و ئەو ئەرکەش خەڵکی ناوچەکە و ژینگە پارێزان لە ئەستۆیان گرتووە و بە بێدەنگ بوونی حکومەت لە ئاستی ئەو تاوانەدا کەبەرانبەر بە سروشتی کوردستان دەکرێت، ئەگەرەکان بەرەو پەیوەندی هەڵگرسێنەرانی ئاگر لە سروشتی کوردستان و بەتایبەت زرێبار بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانەوە، زۆرتر دەبن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


