کتێب فرۆشێک لە شاری مەهاباد کوژرا

KMMK:

دوشەممە ۲۰ جۆزەردانی ۲۷۱۹ کوردی  کاتژمێر ٠٥:٤٥ ئێوارە لە شاری مەهاباد لە پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیسماعیل بۆکانی کە کتێبفرۆش بووە، لە بەردەم شوێنی کارەکەی تەقەی لێکرا و کوژراوە.
ئیسماعیل بۆکانی خاوەنی کتێبفرۆشییەک بووە بەناوی ‘پەژووهش’ لە شاری مەهاباد و لە ئێستادا تەرمەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە.
ڕەزا زەهیریان فەرماندەی پۆلیسی حکومەتی ئێران لە مەهاباد بە ئاژانسی  فەرمیی ئێرانی ڕایگەیاندووە: دوای لێکۆڵێنەوە لە شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوت کە ئەو کەسە بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و دوای سێ کاتژمێر توانیمان بکوژەکە لە یەکێک لە ناوچە سنوورییەکان دەستگیر بکەین.
بەپێی زانیارییەکان “ئیسماعیل بۆکانی” ماوەی ساڵێک لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسەر کاری سیاسی زیندانی کراوە و دوای ئەوەش بەردەوام لەژێر هەڕەشە و چاوەدێریدا بووە.
شیمانەی ئەوە دەکرێ کە ناوبراو لە لایەن حکومەتی ئێران یا کەسانێکی سەر بەو حکومەتە کوژرابێت، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە، ماڵباتی ناوبراو هیچ روونکردنەوە یا زانیاریەک لەسەر کوژرانی ئیسماعیل بڵاو نەکردۆتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان