درێژەی ئاگر خستنەوە و تێکدانی ژینگەی کوردستان بەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێران

KMMK:

پێنج شەممە ۹ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی، ئاگردانی ژینگە و دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەست و پەیوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە درێژەی پێ دەدرێت.

بە پێ راپۆرتەکە: دەست و پەیوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی تێک دانی ژینگە و لە ناوبردنی دارستانەکانی کوردستان ئاگریان لە سروشتی نێوان دوو گوندی سەر بە شاری مەریوان بەناوەکانی «نژمار و بێکەڕە» بەردا و هەوڵی تێکدانی سروشتی ئەو ناوچەیان داوە.

بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ئاگرەکە لە لایەن ئەندامانی کومیتەی دێ_ کانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانەوە و خەڵکی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە: چەندین ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لەم ساڵانەی دوایدا هەوڵی خۆی بۆ تێکدان و لەناوبردنی سروشتی کوردستان و چۆڵ کردنی گوندەکان بەمەبەستی کردنەوەی پێگەی سەربازی و ملیتاریزە کردنی کوردستان چڕ کردوەتەوە و بە هەمو شێوەیەک لە رێگای ئاگردان، دروست کردنی رێگا و بانی نایاسایی، بەنداو و بڕینەوە و ئاگردانی دارستانەکان هەوڵەکانی خۆی درێژە دەدات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان