بۆردومانی شاری شیلادزێ لە لایان حکومەتی توورکیا و بێدەنگی حکومەتی ئێراق و هەرێمی باشووری کوردستان

KMMK:

فڕۆکەکانی حکومەتی تورکیا بەرزاییەکانی دەوروبەری شیلادزێ لە باشووری کوردستانیان بۆردومان کرد، ئەو ناوچانە جێگای ژیانی گوندنشینان و هەوارنشینانە و تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ ڕاپۆرتێک لە سەر خەساری گیانی و ماڵی لەو ناوچانە بڵاونەکراوەتەوە.

هێزە سەربازییەکانی حکومەتی تورکیا لە دوو رۆژی ڕابردوو دا هێرشە ئاسمانی و بۆمبارانی ئەو ناوچانەی لە باشووری کوردستانی بەتووندی پەڕەپێداوە و ئەوە لە بارودۆخێکدا روو دەدات کە ساڵانێکی زۆرە نە حکومەتی ناوەندی ئێراق و نە هەرێمی کوردستان لە هەمبەر ئەو هێرشانە هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندوە و بێدەنگی تەواویان ڕەچاوکردووە.

هەر ساڵ بە هۆی بۆردومانی ئەو ناوچانە لە لایان دەوڵەتی تورکیا و هەروەها زۆرجاران حکومەتی ئێران دەیان کەس لە گوندنشینان دەکوژرێن و بریندار دەکرێن و ڕووبەڕووی خەساری ماڵی و وێرانێکی بەرفراوان دەبنەوە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان