برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە ناوچەی سێڵوێ ی پیرانشار

kmmk:

یەکشەممە ۲۹ گوڵان‌ی ۲۷۱۹ کـوردی، دوو کۆڵبەر واتا باب و کوڕێک بە ناوەکانی ناسر حوسێنی‌پوور و موحسین حوسێنی‌پوور خەڵکی پیرانشار بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نزامێکانی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون.

بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نزامێکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی سێڵوێ‌ ی شاری پیرانشار دەستەیەک لە کۆڵبەران یان کردە ئامانجی ڕاستەوخۆی گولە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بریندار بوون، برینداربوان بۆ چارەسەری پزشکی گوازرابوونەوە بەشی دەرمانی شاری چۆمان لە باشووری کوردستان، بەڵام بە هۆی گرانی برینەکانیان بۆ نەخۆشخانەی شاری هەولێر لە باشووری کوردستان بەڕێکران، هەردوو ناوبراو لە ئاستی قاچ ەوە بە گرانی بریندارن.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە دەسپێکی ساڵی نوێی زایینی تا ئێستا ۷۵ کۆڵبەر بریندار و ۳۴ کۆڵبەر بە هۆی تەقە و هێرشی هێزە نزامێکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و هەروەها ۵ کاسبکاریش کوژراو و یەک کاسبکار بریندار بووە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان