کۆمسیۆنی قەزایی پەڕلەمانی ئێران: تاوانبارانی سیاسی ۲۰ ڕۆژ دوای دەستبەسەری مافی دەسڕاگەیشتن بە پارێزەریان پێدەدرێت

KMMK:

محەممەد عەلی پوورموختار، ئەندامی کۆمسیۆنی قەزایی و مافەکانی پەڕلەمانی ئیسلامی ئێران لە ئاخافتنێکدا لەگەڵ هەواڵگری «خانەی میللەت» ڕایگەیاندووە ئەم کۆمسیۆنە لایەحەیەکی پەسەند کردووە کەبەپێی ئەوە، تاوانبارانی سیاسی لە ۲۰ ڕۆژی سەرەتایدەسبەسەری لە مافی دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری دەکرێن.

پەسەندکراوی ناوبراو لە ڕەوتی لێکدانەوەی «گەڵاڵەی چاکسازی بڕگەی ماددەی ٤۸ی یاسای شێوازەکانی دادگایی کردن» پەسەند و بەڵگەمەند کــراوە.

لێبوردەیی نێونەتەوەی پێنج شەممە ۲۶ ی گوڵان، جگە لە بڵاوکردنەوە ڕاپۆڕتێکی لەهەمبەر وردەکاری پەسەندکراوە نوێیەکە، لە ڕاگەیەندراوێک دا جەختی کردۆتەوە کە پەسەندکردنی کۆتایی ئەم گەڵالەیە «پشتکردن لە بەڵێنەکانی ئێرانە بە مافە نێونەتەوەییەکان» و هەروەها جەختی کردۆتەوە: ئەگەر پەسەندنامەی کۆمسیۆنی قەزایی و مافەکانی پەڕلەمان بەتەواوی پشتڕاست بکرێتەوە، «خەسارێکی تەواو و کارا لە سیستەمی قەزایی ئێران دەدات کە هەنووکەیش لەخۆیدا پڕە لە کەموکووڕی.»

شیاوی باسە هێزی قەزایی حکوومەتی ئێران لەسەردەمی سەرۆکایەتی سادق لاریجانی بڕگەیەکی بە ماددەی ٤۸ی یاسای شێوازەکانی دادگایی کردن زیادکرد کە بەپێی ئەو بڕگەیە تاوانبارانی ئەمنییەتی وسیاسی تەنیا مافی ئەوەیان هەیە پارێزەری خۆیان لەو پێڕستەی کە ئەم هێزە ڕایدەگەیەنن هەڵبژێرن و ئەوانیان لە مافی ئازادانەی هەڵبژاردنی پارێزەر بێبەری کرد.

ئەم بڕگەیە لەگەڵ ناڕەزایەتی و دژایەتی توندی پارێزەران، ماف زانان و دامەزراوەکانی بەرگری مافی مزۆڤ ڕووبەڕوو بوویەوە.

بەپێی بنەچەی ۳۵ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەردوو لای سکاڵا مافی ئەوەیان هەیە بۆخۆیان پارێزەڕ هەڵبژێرن وئەگەر توانای هەڵبژاردنی پارێزەریان نەبێت پێویستە ئاسانکاری دیاری کردنی پارێزەر دابین بکرێت.

شیاوی باسە کە هێزی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەبوا بەرگریکاری یاسایی و جێبەجێکاری بێ کەم وکووڕی ئەوە بێت و هەوڵ بدات کەم وکورتییەکان لە ئاراستەی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بسڕێتەوە، پێچەوانەکەی دەجوڵێتەوە وبەبڕگەگەلێکی لەم چەشنە، ئەم یاسا پڕ لە کێشە وکەم وکوڕانەی ئەوەندەی دیکە بێ سەروگوێ دەکات.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات کە گوشارەکان، ترس و سام و سەرکوتی چالاکانی سیاسی و خەڵک چڕتر بکاتەوە وحکوومەتی توتالیتێری خۆی پتر داسەپێنێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان