ئاگر تێبەردانی دەغڵ و دانی جوتیاران لە خانەقین/ تەقینەوەی مین گیان لە دەستدانی دووهاووڵاتی لێکەوتەوە

KMMK:

 ۱۶ی مەی ۲۰۱۹ی زاینیی لە گوندەکانی مێخاس، دارا و موبارەک -ی سنووری شارۆچکەی خانەقین-ی سەربە پارێزگای دیالە لە باشووری کوردستان ئاگر بەردرایە زەوی و دەغڵودانی جوتیارانی ئەو ناوچەیە و سەدان دۆنم زەوی سوتێنرا و ئەوڕۆیش هاوڵاتییەک بەناوی «نەبیل ئەکبەر» بە ماشێن چووەتە نێو کێڵگە سووتاوەکان ومینێکی چێندراو پێیدا تەقیوەتەوە و بەو هۆیە ناوبراو گیانی لە دەست داوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە کە ڕۆژنیووز پشتڕاستی کردۆتەوە ناوبراو لە دایکبووی ۱۹۷۹ و پیشەی مامۆستایی و خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ بووە.

هەروەها لەگوندی یوسف بەگ لە شارۆچکەی خانەقین، بۆمبێکی چێندراو تەقییەوە و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک بە ناوی عەلی مایخان-ە و تەمەن ٧٧ ساڵان گیانی لەدەستدا.

شیاوی باسە هێشتا هۆکاری ئەو ئاگر تێبەردانە نەزانراوە و دیار نییە کێ وچ لایەنێکی لە پشتەوەیە، بەڵام لەدوای هاتنی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان گرژی و ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ماڵ و گیان و ژیانی هاوڵاتیانی خستۆتە مەترسییەوە و بەردەوام کارەساتی نەخوازراو دێتە ئاراوە و هەوڵ دەدرێ دەست بەسەر ماڵ وحاڵی هاوڵاتیانی کورد دا بگیردرێ ولە زێدی خۆیان دەریان بکەن، بەداخەوە تا ئێستەیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەندارێتی لە هاوڵاتیانی کورد نەکردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان