KMMK:
هەینی ٢٠ی گوڵانی ۲۷۱۹ی کوردی، ماڵباتی کرێکاری دەستبەسەر کراو ئیسحاق روحی لە داواکاریەکان دا داوای ئازادکردنی باوکیان دەکەن، منداڵەکانی ناوبراو ڕوو لە کۆمەڵگای کوردستان دەکەن و داوا دەکەن بە تەنیا نەیان هێڵن و پشتیوانی گیراوانی سیاسی بن.
ماڵباتی ناوبراو ئاماژە بە ماوەی دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە کرێکاریە دەکەن و دەبێژن هیچ زانیاریەکیان لەسەری پێنەگەیشتووە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر جارە و بە بیانوویەک لە وەڵام دانەوە خۆ دەپارێزن.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە، چوارشەممە ١١ی گوڵان ئیسحاق ڕۆحی خەڵکی نایسەری شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا.
ئیسحاق ڕۆحی لە رۆژی جیهانی کرێکاران، کاتێک لەگەڵ هاوژین وخوشکێکی لەڕێگای چوون بۆ ناوەندی شاری سنە بوون لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەنزیک باغچەی موحەممەدی دەسبەسەر دەکرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان