درێژەی خۆکوژی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ سێ ژن دەستیان دایە خۆکوشتن

KMMK:

یەک‌شەممە ۲ی گوڵانی ۲۷۱۹ کـوردی، ژنێکی تەمەن ۳۱ ساڵی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی م. بریاجی بەهۆی گێرەوکێشەی بنەماڵەیی لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەستدا.

جێگای ئاماژەیە لەهەمان ڕۆژەدا کچێکی تەمەن ۱٨ ساڵان خەڵکی شاری مهاباد لە پردی مووکریانی ئەوشارە بە مەبەستی خۆکوژی ویستی خۆی بخاتە خوارەوە کە بە یارمەتی و تێکۆشانی خەڵک و هێزی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارە، تەماکەی پووچەڵکرایەوە.

هەروەها چوارشەممە ۲٨ خاکەلێوە، ژنێکی تەمەن ۱۹ ساڵان بە ناوی سیما مەلایی خەڵکی گوندی نیشکۆڵان سەر بە شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و گیانی لەدەستدا.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی تا ئێستا سەرجەم ۱۵ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان داوەتە خۆکوشتن و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان