سنە/ ڕاگواستنی دەسبەسەرکراوێک بۆ بەندیخانە و پێشگرتن لە بەشداربوونی گرتوویەک لە ڕێوڕەسمی ناشتنی باوکی دا

KMMK:

شەممە ۳۱ خاکەلێوەی ۲۷۱۹ کـوردی، چالاکوانێکی ژینگەپارێز خەڵکی شاری سنە بە ناوی ئارمین ئێسپێرلوس کە دووی ڕەشەمەی ساڵی پێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سووپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەسبەسەرکرابوو، دوای ماوەی لێپێچینەوە بۆ زیندانی ناوەندی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە گوازرایەوە.

لە لایەکی تر ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڵ داوای چاکوانێکی ژینگە پارێزی خەڵکی شاری کامێران بە ناوی عیسا فەیزی بۆ بەشداربوون لە ڕێوڕەسمی ناشتنی باوکی بەرەنگاریان کرد. ئەو چالاکوانە ژینگەپارێزە لە ۱۵ بەفرانباری ساڵی پێش بێ دیار کردنی هیچ چارەنووسێک لە گرتووخانەی هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە دەسبەسەر کراوە.

بە پێی هەواڵێک کە KHRN بڵاوی کردۆتەوە: سەرپەرەستی گشتی نوێی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای سنە رۆژی چوارشەممە ۲٨ خاکەلێوە لە دانیشتنێکی هەواڵنێری دا دەسبەسەری چالاکوانانی ژینگەیی و ئەندامانی حزبی وەحدەت‌ی میلی- لقی کوردستان‎ی وەک «لەناو بردنی هەوڵدانی تێرۆریستی لە پشت یەکێک لە حزبەکانی پارێزگا» ناودێر کرد و ئەم ووتوووێژە بوو بە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییە لە شاری سنە و کامێران. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سازکردنی سناریوی ساختەی ئەمنییەتی و گووشار بۆ سەر چالاکوانانی ژینگەپارێز تێدەکۆشێ کە ئەوان دان بەو ساختەکاریە دابنێنن و لە چەند مانگی ڕابردوودا نیزیک بە ۲۰ چالاکی ژینگەپارێزی کوردستان و ئەندامانی لقی کوردستانی حزبی وەحدەت‌ی میلی لە شارەکانی کامێران، مەریوان و سنە لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکان دەسبەسەر کراون.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان