KMMK:
شەممە ۳۱ خاکەلێوەی ۲۷۱۹ کـوردی، چوار بەندکراوی بیر و بڕوایی کوردی سوننە بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، داود عەبدووڵڵاهی، ئەیوب کەریمی و قاسم ئابستە کە لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج ڕاگیرابوون بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران و سەرەڕای ئەوەی ڕۆژێک لە ڕاگواستنەکەیان تێدەپەڕێ هیچ زانیارییەک لە سەر باروودۆخی ئەوان نەدراوە.
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی ڕاگواستنی ئەم بەندکراوانە پێیان گوتراوە: بە پێی جیاکردنەوەی دۆسییەکە بە پێوانی تاوانی لێدراو، بە تۆمەتێ تێرۆری عەبدوولڕەحمان تینا پێش نوێژی مزگەوتی خوولەفای ڕاشدینی شاری مهاباد بۆ محاکەمە دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مهاباد.
جێگای باسەکە، ئەم بەندکراوانە (قاسم ئابسته، داود عەبدووڵڵاهی و ئەیوب کەریمی دەگەڵ خوسرەو بشارەت و کامەران شێخە) لە ۱۶ سەرماوەزی ۲۷۰۹ کـوردی لە زیندان دا بوون و ئەنوەر خزری ش لە سەرەتای ڕێبەندانی ۲۷۰۹ دەسبەسەر کرابوو. تۆمەتی لێدراو لەم بەدکراوانە ئەندام بوون لە گرووپە سەلەفی یەکان، پڕووپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، محاربە و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووە کە لە لایەن لقی ۲٨ دادگای ئینقلابی ئیسلامی بە سەرپەرشتی قازی مەقیسە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و ڕۆژی ۵ جۆزەردانی ساڵی ۲۷۱۶ لەم حوکمە ئاگادار کرانەوە، کە دوای تانەدان لە سزای دەرکراو لە لایەن ناوبراوان و پێداچوونەوەی دووبارە لە دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم حووکمە پووچەڵکرایەوەو هەر یەک لە ناوبراوان بە ۱۰ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دران.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان