تەقینەوەی مین قوربانی لێ کەوتەوە/ جوتیارێکی مەریوانی بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا

KMMK:
سێ شەممە ۲۷ی خاکەلێوەی ۲۷۱۹ی کوردی موحەممەد ئیمان وەرد جوتیارێکی تەمەن ۵۰ ساڵانی خەڵکی گوندی ئاسنەوەی سەر بە شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوی مین بەخەستی بریندار بوو.
موحەممەد ئیمان وەرد لە دەوروبەری کاتژمێر ۱۲ی سەر لەنیوەڕۆ بە کاری کشت وکاڵ سەر قاڵ بووە کە بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دەدات، ناوبراو ئێستە لە نەخۆشخانەی فەجری مەریوان لەژێر چاوەدێری پزشکیدایە.

بە هۆی باران و لافاوەکانی چەن رۆژی رابردوو ئەو مینانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە شار و ناوچەگەلی جیاوازی رۆژهەڵاتی کوردستان چاندویەتی، لە ژێر خاک هاتونەتە سەرەوە و لە سەر شوێنی کار و ژیان و کاروباری رۆژانەی کۆمەڵانی ناوچەکە وەک هاتووچۆ وەستاونەتەوە و دەبنە هۆی گرتنی قوربانی.
بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ژمێریاری ( ئامار) کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ۲۰۱۹ی زایینیەوە تا ئێستە بە هۆی تەقینەوەی مین ۷ شارۆمەندی کورد بریندار بوون و ۱ کەسیش گیانی لەدەست داوە. بە هەژمار کردنی ئەم شارۆمەندە بڕی بریندارانی تەقینەوەی مین دەگاتە ۸ کەس.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان