KMMK:
کومپانیای قەندی کوردستان کە نێزیک بە ۱۵۰ کەس هێزی کاری دایمی هەیە و لەشاری سەقز دایە، بەهۆی نەبوونی مادەی سەرەتایی هێشتا بە داخراوی ماوەتەوە، لەسەرەتای ساڵی نوێ بڕیاروابوو مادەی سەرەتایی بۆ دابین بکرێت وسەرلەنوێ ڕێبکەوێتەوە، بەڵام بە تێپەڕینی پتر لە مانگێک هیچ گۆڕانێکی ئەرێنی لەم چوارچێوە نەهاتۆتە ئاراوە.
بەرپرسی سەرەکی کومپانیای قەندی کوردستان هۆکاری دەسبەکار نەکردنی کومپانیاکەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی مادەی سەرەتایی. ناوبراو ڕایگەیاندووە دابین کردن و هاوردەی مادەی سەرەتایی شەکری خاو، لە کۆنتڕۆڵی وەزارەتی جیهادی کشتووکاڵ و کومپانیای بازرگانی دەوڵەتی ئێراندایە، بەڵام هێشتا هیچ پشکێک بەر ئەم کومپانیایە نەکەوتووە و هێشتا چاوەڕێی بەرکەوتنی پشکی دیاریکراوین.
پێویستی کاروپیشەی داهێنەرانە و باشترکردنی دۆخی ئابووری، پشتیوانی لە یەکەی بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزاریە، لە حاڵەتێکدا حکوومەت لە دابین کردنی مادەی سەرەتایی کومپانیاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنگ وچەڵەمە ساز نەکات، ئەم یەکەی بەرهەمهێنانانە تاقەت وتوانای بەربڵاوی پەرەسەندنی بەرهەمیان هەیە.
کرێکاران وکارمەندانی ئەم یەکەی بەرهەمهێنانانە پەرۆشی بێکاربوونی خۆیانن وبەپێی دۆخی هەبوو ترسیان هەیە کە حکوومەت ئیزنی ڕێکەوتنی سەرلەنوێ و دابین کردنی مادەی پێویستی ئەم یەکەی بەرهەم هێنانییەیان پێ نەدات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


