KMMK:
دوابەدوای ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک گرووپێکی تیرۆریستی، حکومەتی ئێران بە زەبری ھێز خەڵکی بەشێک لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان مەجبور دەکات دروشمی پشتیوانی لەو گرووپە بنووسن و وێنە لە خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەنەوە.
ئەو کردەوە و کارەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شوێنێک وەک کوردستان، کە خۆیی قوربانی تیرۆر و توندوتیژی ئەو گرووپە تیرۆریستیەیە، زۆرتر بۆ شێواندن و سوکایەتی کردن بە گەلی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێ لە گرووپە هەرە سەرەکیەکانی ئەو حکومەتەیە کە دەستی بە خوێنی گەنجان و تێکۆشەرانی ئەو بەشەی کوردستان سوور بووە، لەسەرەتای دامەزرانی حکومەتی ئیسلامی ئێران، ئەو گرووپە رووی کردە کوردستان و دەستی دایە کوشتنی بەکۆمەڵ، تیرۆر، گرتن و ئەشکەنجەی خەڵکی کوردستان.
ئەو کردەوەی حکومەتی ئێران کە خەڵکی کوردستان مەجبور دەکات دروشمی پشتیوانی لە ئەو گرووپە تیرۆریستییە هەڵگرن، پێش ئەوەی کە بۆ دونیای دەرەوە و بەتایبەت ئەمریکا بێت، رووی لە خەڵکی کوردستانە و دەیهەوێت بڵێت ؛ «بۆ حکومەتی ئێران گرنگ نیە، رای دونیا چیە، بەم شێوەیە سوکایەتی تان پێ دەکەین.»
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە زۆرەملییەی کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات دژکردەوەی پێویست نیشان بدەن و ئیزن نەدەن ئەو حکومەتە سوکایەتی بە گەلی کوردستان بکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان