سێڵاو لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بووە هۆی وێرانی و قووربانی لێکەوتەوە

KMMK:

بە پێی ڕاپۆرتەکان ئیمڕۆ ۵ خاکەلێوە‌ی ۱۳۹٨ هەتاوی، سێڵاو و بارانی زۆر لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەسارێکی زۆری لێکەوتەوە، لە سەرپێڵ‌زەهاو (سرپل زهاب) لاوێکی تەمەن ۱۶ ساڵ بە ناوی بێهنام وەیسی کوڕی کاک عەزیز خەڵکی گوندی کانی عەزیز گیانی لە دەست دا و خێوەت و کانێکسی بوومەلەرزەلێدراوەکان ئاو بردی.

هەروەها پردێکی نێوان سەرپێڵ‌زەهاو و سەلاس‌باوەجانی (ثلاث باوە جانی) بە تەواوی تێکشکا، هەر بەو هۆیەوە لە نیشتەجێکراوەکانی ناو کانێکسەکانی تەنیشت چۆمی ئەلوەند، لە خەڵکیی خوازراوە ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن و پەنابەرنە جێگاێکی ئەمن، ئەو داوایە لە باروودۆخێک دایە کە هێشتاش سەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارەکانی سەرپێڵ‌زەهاو و قەسری‌شیرن هەروەها زۆرێک لە خەڵکی دەورووبەری کرماشان دوای بوومەلەرزەی مانگی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ لە خێوەت و کانێکسەکان دا لە باروودۆخێکی زۆر دڵتەزێن دا دەژین.

لەبەر چاو نەگرتنی یاسای نێونەتەوەیی بۆ ساز کردن و گرنگتر لە وەش باروودۆخی کەونی شار و گووندەکان، نەبوونی پرۆگرام و پلانی بەڕێوجێ و شیاو بۆ بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر کارەساتەکانی سروشت، هۆی سەرەکی خەسارە چاوەڕوان نەکراوەکانن کە ساڵانە لە جوگرافیای سیاسی ئێران روودەدا.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان