KMMK:
شەممە ۱۱ ڕەشەمەی ۱۳۹۷ هەتاوی ، بەندکراوی سیاسی کورد ، بە ناوی قادر محەمەدزادە خەڵکی شاری بۆکان لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ و جەمشید گوڵئەندامی خەڵکی شاری مهاباد لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە ، رۆژی پێنج شەممە ، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد.
شیاوی باسە ، قادر محەمەد زادە چاردەساڵە لە زیندان دایەو بە هۆی نارازی بوون لە شوێنی ڕاگرتنی پێشووی (بەشی ئەمنییەتی) دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و ئێستاس بەردەوامە.
لە لایەکی ترەوە ، هەروەها جەمشید گوڵئەندامی بە هۆی ناڕەزایی لە شێوەی هەڵسوکەوت و بێ حوورمەتی کاربەدەستانی زیندان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.
بە پێی ڕاپۆرتەکان ، جەمشید گوڵئەندامی لە و ماوەیەی لە گرتوخانەدا بووە توشی نەخۆشی جەرگ و چاو هاتووە و کاربەدەستانی زیندان پێشیان بە چارەسەری پزشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان گرتووە.
جێگای ئاماژەیە ، کە هەر دوو زیندانی ناو براو تا گەیشتن بە داواکارێکانیان لەو مانگرتنە دا بەردەوام دەبن.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان