دەستبەسەرکردنی دووگەنجی مەریوانی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە

KMMK:

رۆژی شەشی ڕەشەمەی ئەمساڵ، هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران لە مەریوان، دووگەنجی خەڵکی گوێزە کوێرەی سەربەشاری مەریوانیان دەستبەسەر کرد.

بە پێی سەرچاوەیە باوەڕپێکراو دەستبەسەرکراوەکان “ئارمان سلێمانی”۲۳ ساڵە و کوڕی بەهرام و “محمد محمدی” ۲۹ ساڵە کوڕی عبداللە ناسراون.

سەرچاوەکە لە درێژە دا دەڵێت: سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەستەسەرکراوان و رۆیشتن بۆ بەر دەرکی بنکەی ئاسایشی حکومەت لە مەریوان و سەردانکردنی دادگا و ئیدارە دادواریەکانی حکومەت، تابەئێستا هیچ زانیاریەکیان سەبارەت بە هۆی گرتن و شوێنی دەستبەسەرکردنیان دەست نەکەوتووە.

جێگای ئاماژەیە، مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، لە شاڵاوێکی قۆڵبەستکردن لە مەریوان دوو گەنجی دیکە خەڵکی “گوێزەکوێرە” بەناوگەلێ عوسمان دڵاویز و محمد کەرەمی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کرابوون.

بەپێی ئامار و داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱۹زایینیەوە تا بە ئێستا ۷۲چالاکی سیاسی، مەدەنی و ئەندامی رێخراوە ژینگە پارێزیەکان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان