KMMK:
دووشەممە ۲۹ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٩٧ی هەتاوی وەرزشکاری بەناوبانگی کورد و یاری زانی یانەی ئیستقلال و ھەڵبژادەی تیمی تۆپی پێی ئێران، وریا غەفووری تەمەن ۲۹ ساڵ و خەڵکی نگڵ سەر بە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ڕەخنە لە بەرپرسانی حکوومی بانگهێشتی پاراستنی وەزارەتی وەرزش کرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە ناوبراو لە ئینستاگرامی خۆی ڕەخنە لە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەگرێ و لە وڵامی ناوبراودا دەڵێ: «گەر بەشانازی دەزانن کە بەهۆی پشتیوانی لە فەلەستین ولوبنان و یەمەن بەر گەمارۆی ئابووری کەوتوون، ئەوە ئێوە نین گوشارتان هاتبێتەسەر ئەوە خەڵکی ئاساییە کە گرانترین گوشاریان لەسەرە.»
شیاوی باسە زەریف ڕێکەوتی ۲٤ی ڕێبەندان لە لێدوانێکدا دەڵێ: «شانازی دەکەین کە بەبۆنەی فەلەستینەوە لەژێر گوشارداین» کەئەمە لە خۆیدا بەرەو ڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان