دوو چالاکوانی کورد دوای ۱۰٨ رۆژ دەسبەسەری، تاوانی وەپاڵدراویان بۆ ڕوونکرایەوە

KMMK:

دووشەممە ۱۵ ڕێبەندانی ۱۳۹۷ هەتاوی، دوو چالاکوانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بە ناوی هووشمەند عەلیپوور و محەممەد ئووستاد‌ قادر، لە لایەن دادگای ئینقلاب‌، لقی دووی لێپرسینەوەی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە، دوای ۱۰٨ ڕۆژ دەسبەسەری، ئەو تاوانەی کە خرابوویە پاڵیان بۆیان ڕوون کرایەوە.

بە پێی ووتەکانی هەژیر، برای هووشمەند علیپوور: گووتراوە لە چەند ڕۆژی داهاتوو بۆ کۆتا جار، هەلی بەرگری کردن و لەئەستۆ نەگرتنی تاوانەکەیان، پێدەدرێ و دواتر دۆسیەکەیان دەدرێتە دادگای ئینقلاب‌ی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەو دوو چالاکوانە سیاسییە لە ڕۆژی ۱۲ گەلاوێژی ۱۳۹۷ هەتاوی، لە نزیکی شاری سەقز لە لایان هێزە ئەمنیەکان بە گومانی بەشداربوون لە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بنکەیەکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی، لەو شارە دەسبەسەر کرابوون و لە کاتی دەسبەسەرکردنیان محەممەد ئووستاد قادر لە لایەن ئەو هێزانەوە بریندار کرابوو، تاوەکوو ئێستاش لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.
و لە ماوەی مانەویان لە زیندان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، لە ژێر ئەشکەنجە‌ و فشاری دەروونیدا ناچار کرا بوون لە سەر پڕۆگرامێکی ساختەی تەلەفزیۆنی، دان بە تاوانی بەسەرداسەپاودا بێنن.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان