KMMK
لە شاری ئیلام منداڵێکی یازدە ساڵان بە بڕی پانزدە ملوێن تمەن، بەشوو دراوە بە پیاوێکی تەمەن ۵۵ ساڵان، لە ڕاستیدا ئەم کچە بازەرگانی پێ کراوە و فرۆشراوە.
بە پێی وتەی کەس و کاری نزیک لەم کچە ( رەها)، ناوبراو توشی دڵەڕاوکێی و ترسی دەرونی بووە و هێزی وەرگرتن و دەرچون لە ژێر قورسایی وەها کردەوەیەکی دڵتەزێنی نییە.
خوسرەوی زادە دادستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئیلام رایگەیاندووە: لە زوترین کاتدا هەوڵی چارەسەری ئەم کێشەیە دەدات. هەروەها جەختی کردەوە بە لەبەرچاو گرتنی بڕگەی ۵۰ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم کردەوەیە تاوانە و تاوانباران دەکەونە ژێر لێکۆڵینەوەی یاسایی.
بە پێی ئاماری فەرمی حکومەت، شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکە لەو شارانەی کە زۆرترین رێژەی منداڵ هاوژینی تێدایە و لە ۹ مانگی رابردوودا بڕی ۹۸ هاوسەرگیری منداڵانی ژێر ۱۵ ساڵ لەم شارەدا تۆمار کراوە. سەرەڕای ئەوەش لە بڕی ئەم ۹۸ منداڵە ۹۴ منداڵ کچ بوون و ۴ هاوسەرگیری کوڕان لە خۆی دەگرێت.
جێگای ئاماژەیە کە لە ساڵی ۱۳۹۶، بڕی ۱۹۳ هاوسەرگیری منداڵانی تەمەن ژێر ۱۵ ساڵ لە ئیلام تۆمار کراوە و لەو ڕێژەیە ۱۸۸ هاوسەرگیری کچان و ۵ هاوسەرگیری کوڕان دەگرێتە خۆی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان