دەستبەسەری چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد درێژەی وەلادان و توندی تیژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە لە کوردستان

KMMK:

لەو چەند حەوتوی ڕابردوودا زۆرێک لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکراون و هەناردە گرتوخانەکان کراون .
حەمید ئەحمەدی ، زانیار مورادی ، ئەنسار و فەردین ئەدوایی ، ڕاشد مونتەزری ، حوسەین کەمانگەر ، فازڵ قەیتاسی ، ڕەزا ئەسەدی ، هادی کەمانگەر ،عیسا فەیزی ، باپیر برزە ، شێرکۆ عەلی موحەممەدی ،ئەسعەد مەحمودی ، کەیوان نژاد ڕەسوڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شارەکای مەریوان ، سەوڵاوا و پیرانشارەوە دەستبەسەر کراون و هەنوکە لە گرتوخانەدان .

لە هەڵمەتێکی تردا فەرهاد موحەممەدی پارێزەری دادگا و خەڵکی کامێران و سکرتێری حیزبی “وەحدەت میلی ” لە شاری سنە دا دەستبەسەر کران .

هەروەها لە چەند شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە هێشتا داتا و ناوی نیشانکراو ئاشکرا نەبوە زۆر چەلاکوانی دیکە دەستبەسەر کراون و چەندین ناوەندی ژینگە پارێزی داخراون (ژینگە پارێزی چلچەمە لە دیواندەرە ــ ژینگە پارێزی وڵات لە شاری بۆکان) .

جێگای سەرنجە کە بۆچی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتیەکان ژینگە پارێزان و چالاکوانانی مەدەنی دەستبەسەر دەکەن ؟ چونکە ناوەندە ئەمنیەتیەکان بە تایبەت سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی زور خەساری گەورەی لە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە وهوشیاری ژینگە پارێزان و ئاگادار کردنەوە جەماوەر کێشە و گرفت بۆ خواستی خوازراوی سپای پاسداران دێنێتەگۆڕێ .
چێ کردنی بەنداوی غەیرە ئەستاندارد و موهەندسی سەقەت و بە فیڕۆدان و چنینەوە و هەڵگۆزانی نابەجێی کانزا و بڕینەوە و سوتاندنی ژینگە و دارستانەکان و داڕمانی سروشت و بە بیاوان کردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، کردەوە و پلانی سپای پاسدارانە و ئەمەش ڕاستیەکانە کە ژینگە پارێزان و چالاکانی مەدەنی بە دەستی بەتاڵ ڕووبەروی دەبنەوە .
چالاکی بەرینی ژینگەپارێزان و خوڵقاندنی ڕۆحی ژینگە ویستی و ژینگە پارێزی چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزی گەیشتۆتە ئاستێک کە گیان لە دەستدانی ژینگەپارێزانی بە دواوە بوە .
دیارە سپای پاسداران و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ، ژینگەپارێزان وەکو لەمپەرێک لە بەرانبەر سیاسەتە قڕێژەکانی خۆی دەزانێ و تۆمەت خستنە پاڵ ژینگەپارێزان و تۆمەتبارکردنیان بە پەیوەندی بە حیزبەکوردیەکانەوە و تاوانبار کردنیان بە ترۆر هەمان ڕێگە و پلانی سپای پاسدارانە بۆ پێچەوانە نیشان دانی کاری خۆبەخشانە و مەدنیانەی چالاکوانان و سەرکوتکردن و داخستنی ناوەندە ژینگەپارێزەکان .
شاراوە نیە هەر لە ماکۆ وە تا لوڕستان ئەوە پڕۆژە و بەنداو سازکردنەکانی سپای پاسدرانە کە جگەلەوی نا ئەستانداردە و خەسارێکی زۆری بە ژینگە گەیاندوە ، ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازنەوە بۆ ناوەندە بیاوانەکانی ئێران . (کوردستان بکرێتە بیاوان و بیاوان بکرێتە باغستان )

زۆر ڕوون و ئاشکرایە تاوانی تڕۆر خستنەپاڵ ژینگەپارێزان باشترین بیانوە بۆ سەرکوتی ژینگەپارێزان .
(بەڕە لە سەر هەتیو لادانە کارەکانی ژینگە پارێزان و چالاکوانانی مەدەنی )
ئەمانە و دەیان پڕۆژەی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی کە هەوڵی بۆ دەدات و دەیهەوێ لە ڕێگەی بەنداوساز کردن و موڵگەی سەربازی و ناوچەی پارێزراو و ناوەندە تەقەمەنیەکانەوە جێبەجێی بکات و بە نهێنیش بمێنێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە گەڵ ئەوەی دەستبەسەر کردنی چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئیدانە دەکات و ڕای دەگەێینێت کە تاوانبارکردنی چالاکوانانی ژینگەپارێزی و مەدەنی کورد بە تاوان و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما ، بەس سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە بۆ ئەوەی فەوزاێیکی پڕ لە سەرکوت و تۆقاندن بخوڵقێنێ و داواکاریشە لە هەموان ئیدانەی ئەوکردەوەی کۆماری ئیسلامی بکەن و تێبکۆشن بە بێ هیچ شەرت و مەرجێک ئەو چالاکوانانە ئازاد بکرێن .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان