KMMK: ئەوڕۆ یەکشەممە ۲۵ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی، پاش دەستبەسەری دوو گەنجی خەڵکی سلێن و بڵبەر (پێنج شەممەی ڕابردوو) لە مەریوان دوو کەس لە گەنجانی ئەم گوندە ئەوڕۆ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات کۆماری ئیسلام بانگهێشت ودەستبەسەرکران.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو: وەزارەتی ئیتلاعات لەڕێی پێوەندی تلەفوون دوو گەنجی کوردی بەناوەکانی ئەنسار و فەردین ئەدوایی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات لە مەریوان کردووە و دەستبەسەری کردوون.
ئەنسار ئەدوایی ۲۷ ساڵ تەمەن، خێزاندار وسەرقاڵی کاری شۆفیری و فەردین ئەدوایی تەمەن ۲۴ ساڵ و لە دوکانێکی فرۆشتنی کەرەستەی بیناسازی کار دەکات.
جێی بیرهێنانەوەیە: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوێنێ لە ڕاپۆرتێکدا، هەواڵی دەستبەسەری دوو گەنجی دیکەی خەڵکی ئەم گوندەی بەناوەکانی حەمید ئەحمەدی و زانیار مورادی بڵاو کردبوویەوە.
تاکاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لەهۆکاری دەستبەسەری ئەم چوار گەنجە کوردەی خەڵکی گوندی سلێن و بڵبەر سەربە سەوڵاوا زانیارییەک بەدەستەوە نییە.
گوندی سلێن بەشی هەورامان و سەربە سەوڵاوایە و لە مەودای ۷ کیلۆمەتری شاری هەورامانی تەخت و هەڵکەوتوو لە ۷۰ کیلۆمەتری ناوەندی شاری سەوڵاوایە لە پارێزگای سنە. شاری سەوڵاوا پێشووتر لە دابەشکاری شار و شارۆچکە و… کۆماری ئیسلامی ئێران، سەربە شاری مەریوان بووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان