kmmk: دامەزراوەی ئاشتی نوبێل دەیهەوێ لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری ئۆسلۆی نروێژ، خەڵاتی ئاشتی نوبێلی خۆی پێشکەشی نادیا موراد و دنیس موک وگە بکات.
هەرلەم چوارچێوەیەدا دامەزراوەی ناوبراو، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی بۆبەشداری لەم ڕێوڕەسمە بانگهێشت و بڕیار وایە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەڕێکەوتی دەی دیسەمبەری ئەمساڵ لەم ڕێوڕەسمە بەشداری بکات.
پێشکەش کردنی خەڵاتی ئاشتی نوبێل لەو ڕۆژەدا بە ئامادە بوونی بەشداربوان پێشکەش دەکرێت بە نادیا موراد کچی گەنجی ۲۵ ساڵی کوردی ئێزدی کەلە دەستی داعش ڕایکردبوو و بۆ کۆتایی هێنان بە قاچاخی مرۆڤ وتوندوتیژییە جنسییەکان چالاکە، وهەروەها بە بەڕێز دنیس موک وگە، پزیشکی خەڵکی کۆماری دیموکراتیکی کونگۆ کە یارمەتی ژنانی قوربانی توندوتیژییە جنسییەکان دەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ یەخسیرکردنی نێزیک بە ۵۰۰۰ هاوڵات کوردی ئێزدی لەلایەن گرووپی داعش، چالاکییە مافی مرۆییەکانی خۆی بۆ ئازادی ئەم هاوڵاتییە کوردانە بەشێوەی بەردەوام ،دەست پێکرد.
بەڕێزلێنان لە چالاکی و پێوەندییە یەک لەدوای یەکەکان لەگەڵ دامەزراوە و سازمانە مافی مرۆییەکان لە ئاستی نێونەتەوەیی وچالاکی لە ” کەمپەینی خۆشکە کوردەکانمان ئازاد بکەن ” ، لەلایەن کۆمیتەی ئاشتی نوبێل لەهەمبەر بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتی ناوبراو بانگهێشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هاتە ئاراوە.
دووکەس لە ئەندامانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەناوەکانی ” سەعید سەنەندەجی و لەیلا فەرمان” ڕۆژی دەی دیسەمبەر لەم ڕێوڕەسمە ئامادە دەبن.
نادیا موراد لەدایکبووی ۱۹۹۳ی زایینی لە ئێزدیانی کوردی خەڵکی گوندی کوجووی سەربە شەنگالە.داعش پاش دەستبەسەرداگرتنی گوندی کوجوو زۆرینەی خەڵکەکەی و بۆ وێنەی دایک و ۶ برای نادیای کوشت.
نادیا پاش کوژرانی دایک و۶براکەی لەلایەن داعشەوە ڕفێنرا ولەماوەی دەسبەسەریەکەی کەوتە بەر هەموو چەشنە ئەشکەنجەیەکی وەکوو ئەشکەنجەی جنسی.نادیا توانی پاش ماوەیەک لە دەستیان هەڵبێت وخۆی بگەیەنێتە شوێنی ئەمن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


