کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە شاری بانە

kmmk: ڕۆژی ۷ی گەڵاڕێزانی ۱۳۹۷ی هەتاوی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمەڵێک کۆڵبەر لەسنووری بانە کۆڵبەرێک بەناونیشانی “هادی سەلیمی” تەمەن ۳۰ساڵ باوکی دوو منداڵ خەڵکی گوندی سالە کوژرا و دوو کۆڵبەری دیکە یەکیان ئامۆزای هادی سەلیمی بە ناونیشانی “یادگار سەلیمی” و کۆڵبەرێکی دیکەیش لە نێزی گوندی ماڵتە بریندار بوون.

بەگوێرەی هەواڵەکە، کە کۆڵبەرنیووز پشتڕاستی کردۆتەوە، لەهەمان ڕۆژدا کۆڵبەرێک بەناونیشانی “سەعدوڵڵا شەریفزادە” تەمەن ۲۱ساڵ و خەڵکی گوندی نەمشیر سەر بە شاری بانە بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەهەڵدێر خەساری گرانی بەرکەوتووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱۸ی زایینیەوە تا ئێستە ۸۹ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بووە و ۵۴ کۆڵبەریش گیانیان لەدەست داوە، کەسەرجەم ۱۴۳ کۆڵبەر بەرپەلامار و هێرش کەوتوون وخەساریان بەرکەوتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان