بومەلەرزەی بەردەوام لە کرماشان/ حکومەت تەنها چاولێگەرە

kmmk:
یەک شەممە ۴ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بۆ جارێکی تر بومەلەرزەیەکی ۶.۳ ریشتەری کرماشان و زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باشوری کوردستانی لەراندەوە.

بومەلەرزەی کرماشان لەکاتێکدا روی داوە کە ساڵی رابردوو لە ۲۱ی گەڵاڕێزان بومەلەرزەیەکی ۷.۳ ریشتەری لە نزیک ئەزگەلە پارێزگای کرماشانی لەراندەوە و زیانگەلی گیانی و ئابوری زۆر گەورەی لێ کەوتەوە، پتر لە ۶۰۰ کەس گیانیان لەدەست دا و هەزاران کەسی تر بریندار بون و نزیک بە سەدان هەزار کەس ماڵ و ژیانی خۆیان لە دەست دا و ئاوارە بون.
خەڵکی کرماشان لەگەڵ گرفتگەلێک وەک نەبونی خواردن، ئاو، کەرەستەی گەرم کەرەوە، پۆشاک و خانوو بەرەوروبونەتەوە بەڵام حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر گەیاندنی یارمەتی و خزمەتگوزاری بۆ لێ قەوماوانی بومەلەرزەی کرماشان هیچ چەشنە هەوڵێکی لە خی پیشان نەدا.
خەڵکی شارەکانی تری رۆژهەڵاتی کوردستان خۆبەخشانە لە هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی مرۆڤی و دابین کردنی پێداویستیە سەرەتایەکاندا بون.

بە تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر بومەلەرزەی کرماشاندا و درێژەی بومەلەرزە لەم پارێزگایە تا ئێستە گرفتەکانی خەڵک هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و زۆرینەی خەڵک لە گەرمای هاوین و ئێستا لە سەرمای زستان لە خێوەت بەرەوروی گرفتگەلێک وەک: سەرما، نەبونی سەرپەنا، نەبونی کەرەستەی گەرمکەرەوە و پاک وخاوێنی، کەم بونی خواردن و… بونەتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمبەر گرفتەکانی خەڵک بێدەنگە، ئەمە لە کاتێکدایە کە میلیاردەها لە داهاتی خەڵک دەنێرێت بۆ وڵاتگەلی عێراق و سوریا بۆ بڵاو کردنەوەی تیرۆریزم، لە کاتێکدا کە دەیتوانی بەو یارمەتیانە کۆتایی بە هەمو گرفتەکانی خەڵکی لێ قەوماوی کرماشان بهێنێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: