KMMK:
لە گەڕەكی رۆشنبیرانی شاری هەولێر كچێكی ۱۷ ساڵان بەناوی (شەیما.ك) بەدەستی برایەكی دەكوژرێ. برا بچووكی كچەكە كە خۆی رادەستی پۆلیس كردووە، هۆكاری كوشتنەكەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ماوەی دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام شایەتحاڵێك دەڵێت كچەكە مۆبایلی لەدەست بینراوە، بۆیە كوژراوە.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ریگەیاند: “ئێوارەی 30/10/2018 پۆلیس ئاگاداركرایەوە كە كچێك لە گەڕەكی رۆشنبیرانی شاری هەولێر لە ماڵەكەی خۆیاندا خۆی كوشتووە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە كچەكە كوژراوە”.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەشڵێت: “یەكێك لە براكانی كچەكە بەناوی (م) كە تەمەنی 20 ساڵە، دەستگیركراوە و دانی بەوەدا ناوە كە خوشكەكەی بە چەكی كڵاشینكۆف كوشتووە، 7 گوللەی پێوەناوە، چونكە دەڵێت شەیما چووەتە دەرەوە و دوو رۆژ نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بۆیە كوشتوویەتی”.
شایەتحاڵێكی رووداوەکە ئەڵێت: “نزیكەی كاژێر چواری ئێوارە بوو گوێمان لە دەنگی تەقە بوو لە ماڵی شەیما، چووینە بەردەرگاكەیان و پرسیمان چی بووە، دایكی شەیما هاتە دەرەوە و گوتی ئێوە حەقتان نەبێت و پەیوەندی بە كەسەوە نییە. دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنەكە، زانیمان كە كچەكەیان بە دەستی براكەی كوژراوە”.
سەرەتا خێزانەكەی گوتوویانە كە كچەكەیان خۆی كوشتووە، بەڵام دوای لێكۆڵینەوەی پۆلیس دەركەوتووە شەیما بەدەستی یەكێك لە براكانی كوژراوە. یەكێك لە كەسە نزیكەكانی خێزانەكە باس لەوە دەكات كە برا گەورەكەی شەیمای بینیوە بە چەكەوە هاتووەتە دەرەوە و گوتوویەتی پرسەی بۆ دامەنێن.
شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەوەی شەیمای كوشتووە برا گەورەكەی بووە. شایەتحاڵێكی رووداوەكە دەڵێت: “نزیكەی هەفتەیەك بوو ئەم خێزانە بەردەوام دەنگەدەنگیان بوو، رۆژی رووداوەكەش شەیما لەگەڵ دایك و باوكی لە ماڵەوە بوون، دەڵێن دایكی مۆبایلی بەدەستی كچەكەیەوە بینیوە و بانگی كوڕە گەورەكەی كردووە كە دراوسێی خۆیانە، ئەویش هاتووە و كوشتوویەتی”.
جیاوازی رەگەزی، کلتوری سەقەت و دواکەوتوویی رۆژانە ژنانی کورد دەکاتە قوربانی و تا ئێستا هەڵوێستی گونجاو بۆ بنبڕکردنی ئەو کارەساتە نەدراوە.
لەسەرەتای ۲۰۱۸ وە تا ئێستا
٧ ژن لە لایەن مێرد یا مماڵباتیان کوژراون، کە بە کوژرانی ئەو کچە گەنجە دەبنە ۸ کەس و ۴ ژنیش بە شێوازێکی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


