kmmk:
سەرەڕای تێپەڕینی نێزیک بە مانگێک لە خراپی کوالیتی ئاوی خواردنەوە لە دەیان گەڕەکی جۆراوجۆر لە ناوشاری سنە، وەکوو خۆی کێشەکە درێژەی هەیە.
چاودێری نەکردن ودۆزینەوەی ڕێچارە لەلایەن سازمانی ئاو بۆئەم پرسە و دابەزینی کوالیتی ئاو خەڵکی ناچار کردووە بە کڕینی ملوێنان تمەن ئاوی سرووشتی ،یان بنەماڵە سامان داری ناچار کردووە بە کڕینی ماشێنی خاوێن کردنەوەی ئاو بۆ لابردنی تامی خراپی ئاو.
دەکوترێ تامی ئاو تا ئاستێک گۆڕدراوە کە زۆر جار دەبێتە هۆی سکچوون و ڕشانەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کەهەر ماڵ مانگانە ،بڕێکی پارە لەبری ئەو ئاوەی دەیخواتەوە دەدات و سازمانی ئاو دەبوا بەشێک لەو داهاتەی خەرجی خاوێن کردنەوە و پاڵاوتنی ئاو بکردایەت.
ئەم پرسە هەنووکە تێچوویەکی زۆری بۆ کڕینی ئاوی سرووشتی بۆخەڵک لە خۆگرتووە .
جێگەی باسە ،بەپێی ئەوەی (بازیافت)ی ماددەی بەکار هاتوو لە ئێراندا لە کردەوەدا بەڕێخراوە نەکراوە،زۆربوونی بتڵی ئاوی پلاستیکی لە ژینگە، بووە بەهۆی تێکچوونی سرووشت و ئیکۆلۆژی کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان