ڕادەست کردنەوەی شاکر باقی زیندانی سیاسی کورد بۆ تورکیا

kmmk:
لەماوەی چەندد ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی زیندانی کاشمەر چەنددین جار بە “شاکر باقی” زیندانی سیاسی کوردیان ڕاگەیاندووە کە ڕادەستی تورکیای دەکەنەوە.

بەگوێرەی سەراوەیەکی باوڕپێکراو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بەرپرسانی زیندانی دۆسیەی پزیشکی و تەندرووستیان لێ وەرگرتۆتەوە و پێیان ڕاگەیاندووە لەچەندد ڕۆژی داهاتوو ڕادەستی تورکیا دەکرێیت.

شاکر باقی هاوڵاتی کوردی خەڵکی شاری ” وان” لە باکووری کوردستان کە لە بیستەمی ڕەشەمەی ۱۳۸٦ لەڕێگەی سنە ــ مەریوان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و پاش چەندد مانگ لێکۆڵینەوە لە گرتووخانە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات وسپای پاسداران لە شارەکانی سنە وکرماشان لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەشاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “حەسەن بابایی” بە تۆمەتی ئەندامەتی پەژاک بە سی ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی کاشمەر لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی مەحکووم کرا.

جێگەی بیرهێنانەوەیە کە مانگی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە دوو زیندانی سیاسی کورد بەناوەکانی ” ڕەمەزان ئەحمەد کەماڵ” خەڵکی ڕۆژئاوا و “فەرهاد چالش” خەڵکی باکووری کوردسنان ڕادەستی حکوومەتی سوریا و تورکیا کرانەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان