KMMK:
کۆمەڵێک لە لێقەوماوانی کارەساتی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی پارێزگای کرماشان بە هۆی پێڕانەگەیشتنی بەرپرسان بەو ناوچانە لە بەردەم پارێزگاریی کرماشان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بە ڕێوە برد.
لێقەوماوانی ئاوای بی بیانی سەر بە شاری سەرپێڵزەهاو بە کۆبوونەوە لە بەردەم پارێزگای کرماشان، لە بەر کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان و بەتایبەت نەبوونی ئاوی خواردنەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و داوایان لە بەرپرسانی پارێزگای کرماشان کردووە کە کێشە و گرفتەکانیان بە زووترین کات چارەسەر بکەن.
زیاتر لە ١٠ مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ بووە و تا ئێستا بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە هیچ ناوچەیەکی بۆمەلەرزە لێدراو، جێبەجێ نەبووە و خەڵکی لێقەوماوی ئەو کارەساتە لە ئەستەمترین بارودۆخی ژیاندا ژیان بە سەر دەبەن و نەبوونی سەرەکیترین پێداویستی ژیان، نەخۆشی، کەم ئاوی، سەرما و گەرما و… دەیان کێشەی دیکە بەردەوام ئازاریان دەدات.
هەروەها لە گەڵ نزیکبوونەوە بە یەکەم مانگی پاییز و کرانەوەی قوتابخانەکان، تا ئێستا بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان ئاوەدان نەکراونەتەوە و بە وتەی بەرپرسانی حکومەت، قوتابخانەکان لەم ناوچەیە لە ساڵی داهاتوودا بۆ خوێندن ئامادە نین.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان