مەراسمی چلەی شەهید ئێقباڵ لە پێنجوین بەڕێوە چوو

مەراسمی چلەی شەهید ئێقباڵ لە پێنجوین بەڕێوە چوو و پەیامی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە لایەن ئەندامی شورای رێبەری kmmk عەدنان رەشیدی له مەراسێمەکەدا خوێندرایەوە، دەقەی پەیامەکە بەو شێوەیە بوو

کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان
شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕۆی یەکسانییە
شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە

ئەمڕۆ چل ڕۆژ تێدەپەڕێت بە سەر تێروری، هاوڕێ ، خەم خور و دڵسۆزی بەندکراوانی سیاسی و مەدنی و چالاکی بواری مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و ئەندامی شۆرای ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.

هەڤاڵ ئێقباڵ بۆ ماوەی دەساڵ بێ وچان و بەردەوام لە بواری پاراستنی مافی مرۆڤ و پارێزگاری لە مافی بەندکراوانی سیاسی و مەدنی، تێکۆشانی ماندوو نەناسانەی خۆی لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، خۆنەویستانە بەڕێوە برد.

هەڤاڵ ئێقباڵ مێژوویەک و ئەزموونێک بوو لە تێکۆشان، لە ماوەی چل ساڵ خەباتی خویدا دەیان جار ڕووبەڕووی هەڕەشە، ئەشکەنجە، زیندان وهەروەها تێروریش کرایەوە.

بەڵام هەموو کاتێک نەترسانە و خۆڕاگرانە، بەردەوام بوو لە تێکۆشان، دایم ورەی بەرز بوو و بێ وەستان درێژەی بە هەوڵ و خەباتی خۆی بۆ پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و چەسپاندنی ئەو مافە دەدا و داکۆکیکاری راستەقینەی مافی بەندکراوان بوو.
کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە، هەستی بە لێهاتووی، لێوەشاوەیی و خوڕاگری هەڤاڵ ئێقباڵ کردبوو، بۆیە بڕیاری تێروری هەڤاڵمانی دابوو.

تێروری نەیارانی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن ئەو حکومەتەوە حەرکەتێکی مشروع و فیکری ناوزەد کراوە و لە سەرتای شورشی گەلانی ئێران تا ئێستەیش ئەم کردەوە نامرۆڤانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەنگی ئازاد بە کار دەبرێت.

تێرور لە ناوخۆ و دەروەی سنوورەکانی ئێران، وەک تاکتیک و ستراتژیەک کە وەستانی کاتی هەیە، بەڵام کۆتایی نییە، تا وەکوو ئێستەیش بەردەوامە.

کە چاوێک بە مێژووی تێرور لە ئێراندا دەگێرین، دەبینین سەدان ئەندام، کادر، لاینگەر و پێشمەرگە و سەرکردە لە لایەن حکومەتی ئیسلامیەوە بەم شێوە نامرۆڤانە، شەهید کراوان.

ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەیەکەم ساتەکانی شەهید بوونی هاوکار و هەڤاڵمان ئێقباڵ مورادی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەمان ئیدانە کرد و
هەروەها بە پەیوەندی گرتن و ڕاگەیاندراو، ڕێکخراوە نێونەتەوەیەکان و ناوەندە مافی مرۆڤیەکانمان لە ئاستی جیهاندا لەم تێرورەی ئەندامی شۆڕای ڕێوبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کردەوە، و داوای بەدواداچوون و دەستگیر کردنی بکرانی تێروری هەڤاڵ ئێقباڵمان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

لێرەشەوە، لە مەراسمی چلەی ماتەمینی شەهید ئێقباڵ، داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیداری حکومەتی باشووری کوردستان دەکەین، بکەرانی ئەم کردەوە نامرۆڤانە زوو بە زوو دەستبەسەر بکرێن و لە دادگایەکی عادڵانە بە سزای خۆیان بگەیێنرێن.

بە ڕوون بوونەوەی ناسنامەی بکەرانی ئەم تێرۆرە کە بە فەرمانی ئێران ئەنجام دراوە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە کردنەوەی کەیسی شەهید ئێقباڵ و بەدواداچوون لە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی جیهاندا، هەوڵەکانی خۆی بێ وەستان بەردەوام دەکات. تا ئەو کاتەی ئەم کردەوەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگاکانی پەیوەندیدار ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.

لە کۆتاییدا ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پەیمان دووپات دەکەینەوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی هاوکار و هەڤاڵی شەهیدمان، کە ژیانێکی لێوالێو لە ئازادی و یەکسانی بوو، خەباتمان بە بێ وچان بەردەوام دەکەین.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان