هاوکات لەگەڵ شەر، تورکیا گوشارەکان بۆ سەر مێدیا و رۆژنامە کوردیەکان زیاد دەکات

لە ماوەى ١٢ مانگى ڕابردودا ئاژانسى هەواڵى دیجلە لە باکوورى کوردستان ، لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ٣٨ جار ڕاگیراوە و ١٢ پەیامنێریشیان دەستگیرکراون. ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانى تورکیاش دەڵێن ئاژانسى هەواڵى دیجلە باجى گواستنەوەى ئەو ڕاستییانە دەدات کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دەدرێت.

بە پێی هەواڵی بڵاو کراوەی NRT و راپۆرتی ئەمڕۆ ١٤ى ئایاری ٢٠١٦ ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها) لەبارەى ئەو پێشێلکارییانە کە حکومەتى تورکیا بەرامبەر ئاژانسەکەیان لە ماوەى یەکساڵدا ئەنجامى داوە ، بڵاوکردەوە و ئەسرا کۆچاک سەرۆکى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى تورکیا لە ئەنقەرە لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە “دەسەڵات لە ڕێگەى گوشار و هەڕەشەکان لەسەر دیها بە هەموومان دەڵێت ئەگەڕ ئێوەش بێنە دەنگ هەر ئەوەتان بەسەر دێت کە بەسەر ئاژانسى دیجلەدا دێت و بەو شێوەیەش هەڕەشە لە هەموو ڕۆژنامەنووسان دەکەن”.

ئەسرا کۆچاک باسى ئەوەشیکردووە “لە دژى دەستگیرکردنی جان ئوندار و ئەردەم گیول کاردانەوەکان زۆر بوون، بەڵام ئێستا لە دژى دەستگیرکردنى ١٢ پەیامنێرى ئاژانسى هەواڵى دیجلە هیچ کاردانەوەیەک نییە. کاتێک مرۆڤ سەیرى ئەو دۆخە دەکات جیاوازیى بارودۆخى نێوان کورد و تورک دەبینێت، چونکە پێویستە هەڵمەت بۆ ڕۆژنامەنووسان هاوبەش و یەکسان بێت. جیاوازیکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان قبوڵ ناکرێت و ئەو بێدەنگییەش بە هۆى گوشارى دەسەڵاتەوەیە”.

هاوکات محەمەد کۆنلوک ئەندامى دەستەى پلاتفۆرمى ئازادى بۆ بیروڕا لە ئەنقەرە لەو بارەیەوە بە ئاژانسى هەواڵى دیجلەى ڕاگەیاندووە “دەوڵەت دەیەوێت بەو گوشارانە لە سەر ئاژانسى هەواڵى دیجلە ڕاستییەکان لە ڕاى گشتى بشارێتەوە. لە ڕابردوودا کۆمەڵکوژیى ئەرمەنەکان و دێرسیم هەبوو و ئێستاش کۆمەڵکوژى بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێت. دەیانەوێت ڕاستییەکانى ئەو شەڕە چەپەڵە بشارنەوە. بۆیە دەبێت ئێمەش ڕەخنە لە خۆمان بگرین و بڵێین ئێمەش هەمان تاوانى ئاژانسى هەواڵى دیجلە دەکەین”.

 

سەرۆکى کۆمەڵەى ڕۆژنامەنووسانى هاوچەرخ ئەوەشى وتووە “دیها چ وەک دامەزراوە و چ وەک پیشەکەى باجى قورسى داوە. بە بەردەوامی و ڕۆژانە پەیامنێرەکان و کارمەندەکانى دەستگیر دەکرێن، کە بە دواى هەواڵەوەن و هەڕەشەیان لێدەکرێت. ئێستا ١٢ هاوپیشەمان لە ئاژانسى دیجلە بۆ ئازادیى ڕۆژنامەنووسى باج دەدەن. ١٢ هاوپیشەمان بە ناهەقى دەستگیر و زیندانى کراون. هاوپیشەیەکیشمان دەستبەسەرە. ئەوەش بە ماناى ئەوەیە ئازادیى ڕۆژنامەنووسى کۆت و بەند کراوە”.

لە ڕاپۆرتەکەى ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها)دا ئەوەش خراوەتەڕوو “لە دواى ئەوەى شەڕى دەوڵەتی تورکیا لە شارەکانى باکوری کوردستان دەستی پێکرد، گوشارەکان لەسەر میدیا و بە تایبەتى لەسەر ئاژانسى هەواڵى دیجلە زیاتر بوون، چونکە دیها هەوڵ دەدات ئەو ڕاستییانەى لە کوردستان ڕوو دەدەن بۆ ڕاى گشتیى بگوێزێتەوە، ئەوەش وایکردووە کە گوشارەکان لەسەر ئاژانسى دیجلە زۆر زیاد بکەن”.

لە درێژەى ڕاپۆتەکەدا باسى ئەوەش کراوە، لە ١٢ مانگى ڕابردوودا ماڵپەڕی ئاژانسى دیجلە ٣٨ جار ڕاگیراوە و ١٢ پەیامنێرى ئەو ئاژانسەش دەستگیر و زیندانیکراون.

ئاژانسى هەواڵى دیجلە (دیها)

ئاژانسى هەواڵى دیجلە لە ٤ى نیسانى ٢٠٠٢ لە تورکیا بە دروشمى “لەپێناو بڵاوکردنەوەى ڕاستیدا سازش ناکەین” دامەزراوە. بارەگاى سەرەکیى لە شارى ئیستانبولى تورکیایە.

نزیکەى ٤٠ هەواڵساز، پەیامنێر و بەرپرسانى ئاژانسەکە لە ساڵى ٢٠١١ دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە و لە چوارچێوەى ئۆپراسیۆنى کەجەکەدا دەستگیرکران.

ئاژانسى هەواڵى دیجلە بە زمانەکانى کوردیى کرمانجى، تورکى و ئینگلیزى هەواڵ و زانیارى بڵاو دەکاتەوە.

.

لە مانگى حوزەیرانی ٢٠١٥ تاوەکو ١٤ى ئایارى ٢٠١٦ ماڵپەڕی ئاژانسى هەواڵى دیجلە بەهۆى ڕووماڵکردنى ڕووداوەکانى باکوورى کوردستانەوە ٣٨ جار لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ڕاگیرا.

ئاژانسى هەواڵى دیجلە سەرچاوەیەکى سەرەکی ڕووماڵکردنى ڕووداوەکانى باکوورى کوردستان و تورکیایە. سەربارى ئەوەش بە شێوەى فەرمى لەلایەن حکومەتى تورکیاوە ڕێگاى پێنادرێت لە هیچ یەک لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەکانى بەرپرسانى حکومەتدا بەشدارى بکات.

لە ئێستادا لە تورکیا زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان کە زۆربەیان کوردن. پێشتریش حکومەتى تورکیا بڕیاری ڕاگرتن و داخستنی بۆ ژمارەیەک لە میدیاکانى کورد لە تورکیاى دەرکردبوو.

لە چوارچێوەى پێشهاتەکانى پەیوەندیدار لە ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕۆژى ٢٨ى شوباتى ٢٠١٦ لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە بڕیارى دادگاى باڵاى دەستوورى بۆ ئازادکردنى دوو ڕۆژنامەنووس ڕایگەیاندبوو “نە بڕیارەکە قبوڵ دەکەم و نە پەیڕەویى لێدەکەم”.

کۆمسیۆنى ئەوروپا، کە یەکێکە لە شەش دامەزراوە گرنگ و سەرەکییەکەى یەکێتیى ئەوروپا ڕخنەی لە تورکیا گرتوە  بۆ پێشێلکردن و سنووردارکردنى ئازادیى ڕۆژنامەنووسى.

لە سێ مانگى ڕابردوودا ٢٨ ڕۆژنامەنووس و ١٠ بڵاوکەرەوەى ڕۆژنامە و گۆڤار سزاى زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ١٨ ڕۆژنامەنووسیان و هەر ١٠ بڵاوکەرەوەکە کوردن. هەروەها ١٥ ماڵپەڕ ڕاگیراون و هەواڵەکانى ٣١٢ ماڵپەڕیش سانسۆرکراون و ١٨٥ ڕۆژنامەنووسیش بێکاربون.