ئاگر کەوتنەوە لە بەرزایەکانی کێوی ئاویەر لە شاری سنە

KMMK: هەینی ۱۲ی گەلاوێژی ۱۳۹۷ی کوردی، بەرزاییەکان و دارستانەکانی کێوی ئاویەر کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیاریەکانی شاری سنە ئاگری تێبەر بوو و بە چەندین دۆنم لەو ناوچانە بە هۆی ئاگرەوە سوتان.

بە پێی هەواڵەکە، تا ئێستا هیچ دام و دەزگایەکی حکومی و لایەنی پەیوەندی دار هەوڵی کوژانەوەی ئاگرەکەیان نەداوە و خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی ژینگە پارێز بە هانای ئاگرەکەوە رۆیشتوون و هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە: لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە وەرزی گەرما و لە کاتی وشک بونی پوش و پەڵاش لە زۆربەی ناوچەکاندا زۆر جار بە دەستی ئەنقەست و بە ئامانجی لەناو بردن و تێکدانی سروشتی کوردستان لە لایەن سپای پاسداران و دەستوپەیوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگر تێبەر دەدرێن و دەسوتێن، ئەم کردەوەی کۆماری ئیسلامی زۆر جار بە هۆی رق وسیاسەتی دژ بە کوردان لە ناوچەکەدا بەڕێوە دەچێت و زۆر جاریش بۆ چۆڵ کردن و کاول کردنی گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی کردنەوەی پێگە و بنکەی سەربازی بۆ سەرکەوتنی سیاسەتە داگیر کاریەکانی کۆماری ئیسلامی دارستان و بەر و بومی کوردستان دەکرێنە ئامانج و ئاگریان تێ بەر دەدرێت.

جێگای ئاماژەیە کە: لەم رۆژانەی دوایدا چەندین ناوچەی جیاجیای رۆژهەڵاتی کوردستان بونەتە قوربانی سیاسەتە کاولکاریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەهاناوە نەچون و کەمتەرخەمی لایەنە پەیوەندیداەکان و بێدەنگی دامودەزگا یاسایەکان لە بەرانبەر تاوانبارانی سوتاندنی ئەم ناوچانە خۆی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم کردەوانە بە پێی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و بە شێوەی پێشتر داڕێژراو بەڕێوە دەچێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان