گوشار و دۆسیەی نوێ کردنەوە بۆ چالاکانی کرێکاری لە شاری سنە

kmmk: دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە هەریەکەو لە چالاکانی مەدەنی و کرێکاری شاری سنەی بۆ ڕۆژی ۱۳ی گەلاوێژ بانگهێشتی دادگا کردوە.

«یەدوڵا سەمەدی و جەمیل شەهابی و ئارمین شەریفە» هەریەکەو بە تۆمەتی درۆ و دەلەسە و شێواندنی ڕای گشتی لە لقی ۱۰۹ ی دادگای پێڕاگەیشتن و لە لایەکی دیکەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندا دژی نیزامی ئیسلامی و پەیوەندی بە حیزبەکانەوە لە دادگای شۆڕشدا دۆسیەێیکی نوێیان بۆ کراوەتەوە.

بەو پێیە دەبێت ڕۆژی ۱۳ی مانگی گەلاوێژ بۆ هەر دوو دۆسیەکە لە کاتی دیاری کراودا بۆ دادگایی کردن ئامادە بن.

شایانی باسە بە هۆی بەشداری لە یادی ڕۆژی کرێکارانی جێهاندا لە ۱ی مانگی مەی دا ئەو سێ چالاکە کرێکاریە قۆڵبەست دەکرێن و لە دوای ۱٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە ئازاد دەکرێن بەڵام دادگای ئینقلاب دیسان دۆسیە نوێی بۆ کردونەتەوە و لەو بڕوارەدا دەبێت سەردانی دادگا بکەنەوە.

دۆسیە سازکردن و هەڵدانەوەی تۆمەت و تاوان بۆ هاووڵاتیان لە سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامیدا شتێکی نوێ نیە و بۆ سزادانی چالاکان مەدەنی لە نانەوەی تۆمەت و پیلان دەستێکی واڵایان هەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

پەیوەندی