KMMK: کاول کردن و بڕینەوەی دارەکانی دارستانەکانی مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەخەستی درێژەی هەیە و روی لە پەرە سەندن کردووە، بڕینەوەی دارستانەکان لە ژێر بێدەنگی دامودەزگاکان و ناوەندە بەرپرسیارەکان، بوەتە کردەوەیەکی ئاسایی لە بەرچاو خەڵک و بەرپرسان. بە دڵنیایەوە درێژەی ئەم کردەوەیە، لە داهاتویەکی نزیکدا لە ناوچونی گشتی دارستانەکان و گۆڕینیان بۆ زەویگەلی بێ بەها و تۆزهەڵگرسێنی بەدواوە دەبێت.
گردی “بازەرگان”یەکێکە لەو ناوچانەی کە بە بڕینەوەی دارەکان بەرەوڕوی لە ناوچونی ژینگە ناوچەکە بوەتەوە و ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژانە بە تڕۆمۆبێلی جۆری بۆڵدێزەر ئەم ناوچانە لە ناو دەبەن و دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری مەریوان بە تەواوی ئاگاداری ئەم کردەوەیە و لە بەرچاوی خەڵکیش ون نییە بەڵام بچوکترین هەڵوێستیان بەرانبەر بەم کردەوەیە نییە.
ئەم کاول کاریە لە دەوروبەری شاری مەریوان ئەوە دەگەیەنێت کە هیچ هیوایەک بە پاراستنی دارستانە دورەکان و دور لە چاوی بەرپرسان نییە. کردەوەیەک کە لە زۆر لە شار و ناوچەکان کاردانەەی کاولکەری ئێستە بەدی دەکرێن.
بەم جۆرە ئێستە بۆ خەڵک و چالاکانی ژینگە پارێز ئەم پرسیارە دێتە پێش کە لە راستیدا ئەرک و نەریتی دەزگای پەیوەندیدار و لە سەرەوەی ئەوان دەزگای سەرچاوە سروشتیەکان و ژینگە، چییە و لە بنەڕەتەوە لەبەر چی و بەرانبەر بە چ کردەوەیەک پارە وەر دەگرن؟
ئێستا ئێمە کۆمەڵێک لە رێکخراوە مرۆیەکان و ناوەند و چالاکانی کلتوری و ژینگە پارێز، پەژارەی خۆمان دەر دەبڕین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە کۆمەڵگا و بەرپرسانی کەم تەرخەم، بێ کردەوە و سست بە هاوبەشی راستەوخۆی کاولکەران و دارستان خۆرەکان دەزانین و خوازیاری موحاکمە و گەیشتن بە سزای هەمو ئەو کەسانەین.
ئەم کەسانە بە گشتی لە وەها هەلومەرجێکی خراپدا چاوەکانی خۆیا لە هەمبەر راو و روتی سەرچاوە سروشتیەکانی وڵات بەستووە. بۆیە راستەوخۆ و نا راستەوخۆ لەم تاوانە نەبەخشراوە هاودەستن.
بۆیە بەدەنگی بەرز رایدەگەیەنین کە هیچکات ئیزنی ئەوە نادەین بڕێک دەرفەت خواز، سەروەت و سامان و داهاتی ئێمە و نەوەی داهاتو بدەن بەدەم باوە.
بەکورتی ئەوەی کە: هەموان ئاگادارن سەرەڕای بونی دارستانەکانی زاگرۆس لەسەر ناوقەدی وشکی زەوی و گەرم بونی رۆژ لەدوای رۆژی گۆی زەوی، بە کردەوە بوژاندنەوەی سەرچاوە کاولکراوەکان نا مومکینە. بەو هۆیەوە باشترین و کەم خەرجترین رێگا ” پارێزگاری لەو دارستانانەیە کە هێستا هەن “.
بە لە بەرچاو گرتنی ئەم راستیە مەترسیدارە، نایشارینەوە کە تاقەتی ئێمە تەواو بووە و بە توندی ئاگادارتان دەکەینەوە لە سەر درێژەی ئەم هەلومەرجە. ئێمە بە درێژەی هەستی بەرپرسیاریەتی لەسەر داهاتی ئەم ناوچەیە، بە بێ چەواشەکاری رایدەگەیەنین گەر ئەم کردەوە کاولکەرانە درێژەی هەبێت، بێدەنگ نابین و لەهەمو وزەکانی یاسایی کەڵک وەر دەگرین بۆ راگرتنی ئەم تاوانە بەرچاوە. بۆیە رێگایەک لە دارستان و زەوی خۆرەکان و بەرپرسان لە پێشیان گرتووە سەرەتانی لە ناوبردنی داهات و سەرچاوەگەلی نەوەی داهاتووە. ئێمە پێداگری دەکەین لە بەرانبەر ئەم تاوانگەلەدا بە کەڵک وەرگرتن لە خاڵە یاساییەکان، هەنگاوی گەورە و راستەقینە هەڵدەگرین و بەدڵنیایەوە چیتر بێدەنگ نابین.
کۆمەڵەی یانەی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، کۆمەڵەی ئەدەبی – کلتوری مەریوان، ناوەندی زانستی – کلتوری رونان، کۆمەڵەی هونەری- کلتوری ڤەژین، کۆمەڵەی کلتوری- بێژەیی رۆجیار، کۆمەڵەی یانەی بەرپرسانی فەنی- کۆنتڕۆڵی کەیفیەتی مەریوان و سەوڵاوا، یەکینەی مامۆستایانی ئایینی مەریوان و هەورامان ( یمامە )، کۆمەڵەی ژیانەوە و ناوەندی تەندروستی ژین و کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگە پارێز و کۆمەڵایەتی شاری مەریوان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان