قەدەغە کردنی پەروەردە بە زمانی دایکی بۆ خوێندکاران/ پەروەردە بە زمانی دایکی مەترسیدارە!

Kmmk: هەواڵنێری حکومەتی فارس رایگەیاند، وەزیری پەروەردە موحەمەد بەتحایی لە سەفەرێکیدا بۆ پارێزگای ئیسفەهان و لە کۆبونەوە دەگەڵ جێگرانی پەروەردەی سەرەتایی و عەشایر دا ڕایگەیاند: لە بڕێ لە ناوچەکان بیندراوە بە زمانی دایکی خوێندن شرۆڤە دەکرێ؛ ئەم بابەتە زۆر مەترسی دارە!

ئەم دەڕبڕینانە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵانێکی درێژ سیاسەتی بەرتەسک کردنی زمان و زاراوە جیاوازەکان لە ئێراندا جێ بە جێ دەکرێت. تەنانەت بنکە و کۆرسی فێرکاری زمانی دایکی لە دەرەوەی چوارچێوەی پەروەردەیی توشی بەربەست و تەگەرەی زۆر بۆتەوە.

درێژەدان بەم سیاسەتانە بە پێی ئەوەی زۆرتر لە نیوەی خەلکی ئێران بە ئەسل (بە پێی دوایین سەرژمێریەکان کۆی گەشتی خەلکی ئێران لە هەشتا ملیۆن کەس بۆ سەرەویە) فارس نین هیچ نیە جگە لە هەڵاواردن و پاکتاویی زمانەوانی.

لە قۆناخی خوێندنی سەرەتایی بەتایبەتی ئەم پرۆگرامانە ئەبێتە هۆی دواکەوتن و دابەزینی حەزی خوێندن لە مناڵانی کەم تەمەندا بە هۆی توانای کەمی ئەم منداڵانە بۆ خۆ ڕێخستن بە خێرایی دەگەڵ زمانی جیاواز دەگەڵ زمانی دایکی.

هەروەها دانەرانی ئەم پلانانە بە زانیاری لە سەر ئەوەی زمان یەکێ لە بنەما سەرەکیەکانی ناسینەوە و داڕێژەری کەسایەتی تاکەکانە بە هەوڵیان بۆ یەک دەس کردنی زمانی لە تەمەنی منداڵیەوە وە هەروەها بە مەترسی ناوزەرد کردنی زمانەکانی دەروەی بازنەی فارسی بە شێوەیەکی پلان داڕێژروا دەس دەدەنە تواندنەوەی زمان و کەلتوری گەلانی دانیشتوی جوگرافیای ئێران.

بە کورتیش چاوێ بخشێنین بە ماڤی خوێندن بە زمانی دایکی لە جارنامە ماڤی مرۆڤدا:

بە پێی رێکەوتننامەی مافی مرۆڤ و جاڕنامەی یاسایی زمانەوانی ماڤی خوێندن بە زمانی دایکی لە بەندی ۳ و ٤ ی مادەی ئەم جاڕنامەبۆ کەسانی کەمینە قەومی و نەتەوەیی و زمانی و ئایینیەکان؛ هەروەها کۆنوانسیۆنی مافی مناڵان، هەروا مادەی ۲۷ ی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی پێداگری لە سەر کراوە. ئەسڵی ۱٥ ی یاسای بنەرەتی ئێرانیش ئاماژەی بە خوێندن بە زمانی دایکی لە کەنار زمانی فارسیدا داوە.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان