KMMK: عومەر فەقێپور و خالید فەریدونی دوو زیندانی سیاسی کورد لە فایلێکی هاوبەش دا نیزیک بە ۱۹ ساڵە بە بێ یەک ڕۆژ پشوو لە زیندانی دەوڵەتی ئێران لە ورمێ دەسبەسەرن.
ئەم دوو زیندانیە ساڵی ۱۳۷۹ی هەتاویی، لە شاری پیرانشار بە دەستی سوپای پاسداران دەستگیر دەکرێن، دادگای شۆرشی ئیسلامی لە مەهاباد حوکمی لە سێدارەدانیان بۆ دەبڕێتەوە بەڵام دواتر لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکەیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی دەگۆردرێت.
ئەم دوو زیندانیە لە درێژەی زیندانی بونیان هەمو جورە ئەشکەنجەێکیان بینیوە و چەندین جار لە زیندانی تاکە کەسی دا بەسەریان بردوە.
عومەر فەقێپور خەڵکی گوندی ” قەباکەندی “سەر بە شاری بۆکانە کە خێزانی و بنەماڵەکەی لە باشوری کوردستان ژیان بەسەر دەبەن وهەتاکووئێستە نەیتوانیوە ئەوان ببینێت، تەنها چەند جارێک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی کورتیان هەبوە.
خالید فەریدونی خەڵکی شاری مەهاباد کە دایکی و باوکی لەدەست داوە لەو ساتەوەی کە لە زیندانە، زۆر ئەشکەنجەی بینیوە و لە باری روحی و دەرونی دا زۆر گەزەنی بینیوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەست بەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی، سیاسی و مافی مرۆڤی کورد دەیهەوێت بە هەموو جورێک ڕێگا لە ئازادی و سەروەری کوردان بگرێت و ئەوان بخاتە ژێر هەژمونی خۆیەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان