توندوتیژی دژی ژنان لەباشووری کوردستان؛ دوو کچ و ژنێک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

kmmk: چوارشەممە ۱۱ی ژوئیەی ۲۰۱٨ی زاینی کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بەناوی (ڕ.ز.ق) دانیشتوی ناحیەی چوارقوڕنە سەربە قەزای ڕانیە خۆی سوتاند و گیانی لەدەستدا.

دایکی کچە ١٥ساڵەکە بە پۆلیسی ڕاپەرینی گوتووە: ڕوداوەکە لە کاتێکدابووە کە کچەکەیان بە ناوی ئیشکردنی ناو ماڵ چۆتە سەربان بەڵام لەوکاتەدا لە تەنکی نەوتەوە نەوتی کردووە بەخۆیدا و گڕی لەخۆی بەرداوە، بەوهۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.

هەرەوها لەهەمان ڕۆژدا ژنێک بەناوی (س.ئ.ئ) تەمەن ۲٨ساڵ لەگوندی دووگمانی شارەدێی سەنگەسەر لەشارۆچکەی قەڵادزێ لەڕێگەی خۆهەڵواسین کۆتای بەژیانی خۆی هێنا. ناوبراو دایکی دوو منداڵەو هۆکاری خۆکوژییەکەی ڕوون نەبۆتەوە.

ئەمە لەکاتێکدا ڕۆژی پێشووتر «سێشەممە» لەشارەزوور کچێکی دیکەی تەمەن ۱٥ ساڵ بەهۆکارێکی نادیار لەڕێگەی خۆهەڵواسین کۆتای بەژیانی خۆی هێنا.

خۆکوژیەکان لەباشوری کوردستان حاڵەتی تێپەڕاندووەو بۆتە دیاردەو رۆژانە چەندین ڕووداوی هاو شێوە لەشوێنە جیا جیاکانی باشووری کوردستان روودەدەن.

جێگای باسە توندوتیژی دژی ژنان لە باشوری کوردستان ڕووی لە زیادبوونە، بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە باشووری کوردستان؛ کوشتنی ژنان لە باشوور بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە، بە جۆرێک لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٢ ژن کوژراون کە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆک بوون کە ٨ ژن بووە، لە هەولێریش ٧ ژن و لە سلێمانیش ٣ ژن و لە گەرمیان و ڕاپەرین ٢ ژن و لە سۆرانیش ٢ ژنی دیکە کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان