کرماشان بە زیاتر لە ۱۷ ڕووبار و ۹ بەنداوی گەورە هێشتا ۳٥۰ گوند بە تانکەر ئاوی خواردنی بۆ دەڕوات

kmmk:

پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ۲ ملیون دانیشتوی هەیە کە پێکهاتوە لە ۱٤ شارستان و ۳۲ شار و ۳۱ ناحیە و ٨٦ گەورە دێ و ۳۱٦۳ گوند کە ئێستا ۲۶۲۲ گوندی ئاوەدانە و ٥٤۱ گوندی وێران کراوە .

ئەم ڕوبارانە بەم پارێزگایەدا دەڕۆن یان سەرچاوەکەی هەر لە کێوەکانی پارێزگای کرماشانەوەیە :

ئاوشۆران ، ئەڵوەند ، دینوەر ، سیروان ، قەرەسو ، چەم بەشیر ، زەمەکان ، گاماسیاو ، لێڵە (لیلە) چەمی مەرگ ، ڕازئاوەر ، خوڕەم ، ڕاوەند ، هواسان و گاوەڕۆ (گاورود) و چەندین روباری بچوکی تر کە بەنداوی بەناونانگی کرخە لە کرماشانەوە سەرچاوە دەگرێت .

۱٨ بەنداو لە بەردەستدان بۆ ئەوەی کاری زانستی لە سەربکرێت و بکەونە گەڕ هەرچەن ۹ بەنداوی لە گەڕدایەوە و لە بڕواری ۱۰ی گوڵانی ۹۷ی هەتاوییدا بەرپرسی ئاوەکانی پارێزگای کرماشان گوتی ئاوی بەنداوەکانی تەنگ حەمام ، ئازادی ، سلیمانشا و زاگرۆس بە هۆی ئاوی بارانی زۆرەوە سەرڕێژی کردوە .

ئەم بەنداوانە لە ژێر لێکۆڵینەوە و کارکردان یان کەتونەتە گەڕ و کەڵکی لێوەردەگیردرێت و هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ئێرانی دەکەن بۆ نمونە بەنداوی کەرخە لە کرماشانەوە سەرچاوە دەگرێت هەناردەی خوزستان دەکرێت و ئاوەکانی خوزستانیش هەناردەی ئیسفەهان و ناوندی ئێران دەکرێن :

بەنداوەکانی ؛پاوە ، دینوەر ، جوانڕۆ ، ڕاوەند ، کاشەمە ، حیلوان ، گەڕووس ، کەڵکوژ (کل کش ) ، سیاخوڕ (سیاخور ) میرساد ، گەرشاگدارپیر ، هرسین ، سەراب نیسان ، وێژەنان ، باسکەڵە ، جەهانشا، کەندۆڵە ، کێلانبڕ .

بەم هەموە ڕووبار و بەنداوانەوە هێشتا جێگری بەرپرسی ئاو و زێرابەکانی گوندەکان لە پارێزگای کرماشان بە ناوی فەرامەرز شوهانی ڕایگەیاندوە ۳٥۰ گوند لە مانگەگەرمەکانی ساڵدا دەبێت بە تانکەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ بڕوات ، هەرچەن هەر ئێستاش ۱۳۹گوند هەر بە دەستەندە و ژەم و دەم ئاوی خواردنیان بۆ دەڕوات .

شایانی باسە لە شوێنکدا باس لەوە کراوە کە تەنیا ۲۰ ٪ لە ئاوەکانی کرماشان لەو پارێزگایەدا مەسرەف دەکرێت و ئاوەکان لە پارێزگا دەچنە دەرەوە (هەرچەن بە هۆی ئەمنیەتی بونی بابەتەکەوە هیچ ئامارێک لە ئێران جێگای متمانە نیە و بواری ئازاد بە ڕاگەیاندنی ئامارەکان نادرێت ) .

شیمانە دەکرێت ئاوەکانی کرماشان بۆ مەسرەفی تەقەمەنی ناوەکی و سەربازی کەڵکی لێوەرگیرێت و بۆمەلەرزە گوماناویەکەی ئوزگەلە لە پارێزگای کرماشان ئێستاش لە تەمتومانی گوانێکی شاراوەدایە کە بەهەزاران کەس بێ خانەو لانە مانەوە و سەدان قوربانی لێکەوتوە و ئیستاش لێقەوماوان بە دەست دەیان دەرد و ئێشەوە لە ڕەشماڵ و دەواردا دەژین .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان